X
ئەو سکاڵایەیی دژی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تۆمارکرابوو رەتکرایەوە

پەرلەمانتار یان نوێنەر: کامیان هەڵدەبژێرن؟

د.بڕیار ڕەشید

ھەڵبژاردن، ھەمیشە وەک پرۆسەیەکی دیموکراسیی بنەڕەتی بۆ دیاریکردنی ئایندە و نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەل تەماشا کراوە.

لەم ساتە چارەنووسسازەدا، کە دەنگدەران دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، پرسیارێکی بنچینەیی دێتە پێشەوە: ئایا ئێمە بە دوای پەرلەمانتارێکدا دەگەڕێین کە تەنھا کورسییەک لەناو ھۆڵی پەرلەماندا پڕ بکاتەوە، یان نوێنەرێک کە ڕۆح و داواکارییەکانی خەڵک بباتە ئەوێ؟

پەرلەمانی عێراق  کە ناوە ڕاستەقینەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە,پێویستی بەپەرلەمانتار نیە پێویستی بە نوێنەرە ! پێویستی بەو کەسانەیە کە بتوانن نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بکەن. لە ئەزموونی چوار ساڵی ڕابردووم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕوونی بۆم دەرکەوتووە   کە خەڵک پێویستی بە "نوێنەر"ێکە، نەک تەنھا کەسێک کە تەنھا کاری بەرزکردنەوەی دەست بێت لەناو پەرلەماندا.

خەڵک پێویستی بە کەسێکە کە لەپاڵ داڕشتنی یاسا و چاودێریکردن لەسەر جێبەجێکردنی و داکۆکیکردن لە مافەکانیان، ھاوکار و پشتیوانیشیان بێت. نوێنەرایەتی کردن تەنھا لەناو دیوارەکانی پەرلەماندا کۆتایی نایەت؛ بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ناو کۆڵان و گەڕەکەکان، بۆ ناو ناخی پێویستییەکانی ھاوڵاتیان.

گرنگە نوێنەر ئەو کەسە بێت کە بتوانێت لە بەغداوە نوێنەرایەتی سلێمانی بکات، و لە سلێمانییەوە دەنگی کەرکوک و ھەموو شارەکانی تر بگەیەنێت. پێویستە نوێنەرێک ھەڵبژێرین کە لە ھەموو شوێنێک بە دەنگی خەڵکەوە بێت و کاری بۆ بکات  

نوێنەرایەتی ڕاستەقینە، بریتییە لە ھەستکردن بە ئازارەکانی ھاوڵاتیان، تێگەیشتن لە خواستەکانیان، و کارکردن بەوپەڕی تواناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. ئێمە پێویستمان بە کەسێکە کە بتوانێت پردێک بێت لە نێوان خەڵک و بڕیارەکاندا، کە بتوانێت داواکارییە ڕەواکانیان بکاتە واقیعێکی بەرجەستە.

با ئەمجارە، دەنگ بەو کەسە بدەین کە مانا و ڕۆحی نوێنەرایەتی دەزانێت، کەسێک کە ئەزموونی کرداریی ھەیە و بەڵگەی سەلماندووە کە لە ھەر کات و شوێنێک بێت، خزمەتکار و پشتیوانی خەڵکە. با ھەڵبژاردنەکەمان بەرەو نوێنەرێکی ڕاستەقینە بێت، نەک تەنھا پەرلەمانتارێک.