ئێستا مەسەلەکە مەتەڵی ناوێ کە کێ موچەکەی دابین کردووە؟ حەتمەن ئەوی هامشۆی خۆشە و دۆستایەتی دەکات ئەوە دەسکەوتی لە دەست دێت.
رۆژ تا ئێوارە یەکێتیی و سەرۆکی یەکێتیی کاک بافل تاڵەبانی بە پەیوەندی باش و چاک لەگەڵ بەغدا (تۆمەتبار) دەکرێ و رۆژانەش خەڵکی تر گرژە و هەڕەشەی (قابیلی قبوڵ نییە) لە عەرشی و عروشی بەغدا دەکات ، قابیلە ئەوی هامشۆی نییە دەسکەوتی زیاتر بێت لەوەی بیست جار بە میانە و پەیوەندی دیبلۆماسیی چۆتە بەغدا و خیتابە سیاسییەکەی وایە کە (موچە و قوتی خەڵک لە کێشەی سیاسیی جیابکرێتەوە)؟
جا ئەمە کاتی خۆی سەرۆک مام جەلالی نەمر لە باسوخواسی وادا بوو هەر بە عەرەبی دەیگوت ( شرف لاندعيه وتهمة لا ننفيه ).
هەر بە حیساب و مەنتق و هەر بۆ زەکاتی ئەوەی لە سۆشیال میدیای دنەدراوی بێ دایکوباوک، جنێۆمان پێ دەدەن و چی نەما لە توانج و تانەی دۆستایەتی لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی ، بە یەکێتیی نەکەن، هەقمانە بڵێین وەڵلا ئەم دەسکەوتی مانگی رەمەزانە جەژنانەی خۆمانە بۆ گەلەکەمان و رەنگە ئەوانە هەر ئەوەندەیان باش بوو کە ئەمجارە نەیانویست یان نەیانتوانی عینادی لەگەڵ قوتی دوا خراوی خەڵک بکەن، بۆ ئەمە خێریان بنوسێ !.