X
ئەو سکاڵایەیی دژی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تۆمارکرابوو رەتکرایەوە

بەریتانیا رەگەزنامە بەو پەنابەرانە نادات كە بە رێگای مەترسیدار دەچنە ناو وڵاتەكە

جیهان

2025-02-13     31ژمارەی خوێندراو

بەپێی رێنماییەكی نوێی حكومەتی بەریتانیا لەمەودوا ئەو كۆچبەرانەی لە ڕێگەی گەشتێكی مەترسیدارەوە دەچنە ناو بەریتانیا یان چوونەتە ناو بەریتانیا و داوای رەگەزنامە دەكەن، داواكارییەكەیان رەتدەكرێتەوە، ئەوەش بەبێ گوێدانە ئەوەی چەندە لەو وڵاتەدا ژیاون.

ئەو گۆڕانكارییە وەك نیشانەی هەڵوێستی توندی كابینەكەی كییەر ستارمەر سەرۆكی پارتی كرێكاران بەرامبەر بە پەنابەران سەیر دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمانتارێكی پارتی كرێكاران لەگەڵ ژمارەیەك لە رێكخراوە خێرخوازیەكان داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەو رێنماییەیان كردووە.

لە رێسا نوێیەكەی حكومەتی بەریتانیا كە رۆژی دووشەممە بە كارمەندانی بەشی ڤیزە و كۆچبەری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا راگەیەندراوە، تێیدا هاتووە، هەموو ئەو كەسانەی پێشتر بە شێوەیەكی نایاسایی چوونەتە بەریتانیا و لە 10ی مانگی دووی ساڵی 2025 ەوە داوای رەگەزنامەیان كردووە، بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی رەت دەكرێنەوە، بەبێ گوێدانە ئەو ماوەیەی كە تێپەڕیوە لە هاتنە ژوورەوەی نایاساییانەوە. لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیادا هاتووە، گەشتە مەترسیدارەكان بریتین لە گەشتكردن بە بەلەمی بچووك، یان خۆ شاردنەوە لەناو ئۆتۆمبێل یان ئامرازەكانی تری گواستنەوەدا.

پێشتر ئەو پەنابەرانەی كە بە شێوەیەكی نایاسایی دەچوونە ناو بەریتانیا، دەبوو دە ساڵ چاوەڕێ بكەن تا داواكاریان بۆ وەرگرتنی مافی هاوولاتیبوون جێبەجێ بكرێت. ساڵی ڕابردوو نزیكەی 37 هەزار كەس بە بەلەمی بچوكەوە كەناڵی مانشیان لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەزاندووە.

 
 
 

زۆرترین خوێنراو