سەبارەت بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی
مەحمود حەفیدزادە
نکوڵی لەوەناکرێت کە موچەخۆرانی ئازیز وەک مافێکی سروشتی و شرعی و یاسایی چاویان لەوەبێت لەکاتی خۆیدا موچەکانیان وەربگرن ،ئەمە بابەتێکە ( ماف) ە ھیچ تێبینی و گفتۆگۆیەک لەخۆناگرێت ، من پاڵپشتی لەو ماف و خواستە دەکەم کە لەئێستادا مووچەخۆرانی ئازیز داکۆکی لێدەکەن ، بەڵام ئەوەی کە جێگەی ھەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە دەبێت ھۆشیار بین کورد وتەنی دوور بڕوانین تاکو سەر ئەنجام پەشیمان نەبینەوە ئەوکات پەشیمانی دادمان نادات ، ئێمەی کورد کەممان خوێن نەڕشتوە بۆ ئازادی خاکەکەمان ، بڕواناکەم ھیچ خانەوەدایەک ھەبێت قوربانی بۆ ئازادی و بەختەوەری ئەم کوردستانە نەدابێت ، پەڕلەمان و حکوومەتی کوردستانیش بەخوێن و خەباتێکی لەڕادەبەدەری گەلەکەمان ھاتەبەرھەم ڕاستە کەمتەرخەمی و کەمووکوڕی و جیاوازی و نادادپەروەری و نایەکسانی ھتد ، بونی ھەیە ، بەڵام قەوارەیەکی سیاسی دەستوریمان ھەیە دەکرێت چاکی بکەین پێشی بخەین ، دەتوانین بەئیرادەو یەکگرتوویمان زاڵبین بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا ،نابێت نائومێد بین ، ورە بەربدەین ، مییللەتی ھۆشیار گۆڕانکاری مەزن دروست دەکات ، ئیرادەی گەل دەتوانێت وەرچەرخان بخولقێنێ بەئاراستەی سەرفیرازی و سەرکەوتن ، بەڵام کاتێک ئیرادە لاوازبوو ، ئازادی دەکەوێتە مەترسی و شکۆی خاک و نیشتیمان تێکدەشکێت و سەروەری و کەرامەتی نەتەوەش لەدەست دەدەین ، ئەوکات ھیج شتێک مانای نامێنێت و چێژ لەھیچ مافێکیش نابینین کە بەزەلیلی دەستمان بکەوێت ، ئەوەی تێبینی دەکرێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیە ، کە لەئێستادا وەک ئەلتەرناتیڤی حکوومەتی عێراق خۆی نمایش دەکات و سەلماندوە ، قسەکە لێرەدا تەنھا مووچە نیە ، وەکو گوتمان ئەوە مافەو خێرو سەدەقە نیە دەبێت بدرێت ، بەڵام ئەو ھەنگاوانەی دادگاکە پیلانگێڕیەکی دوژمنکارانەیەو ناکرێت ھەروا بەسادەیی خوێندنەوەی بۆ بکرێت
.
ئەوەی دیارە بەئاشکراو بەکردەوە کار بۆ لەباربردنی ئازادی و ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستان دەکات فەرزی سیاسەتی دەستەڵاتی ناوەند بەسەر گەل و ھەرێمی کوردستاندا وەک گشت پارێزگاکانی عێراق ئامانج و ستراتیژو ئەجێندای دادگاکەیە ، کەپێچەوانەی دەستورە بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق لەئێستادا ھۆشیارانە ھەڵسوکەوت بکات و لەچوارچێوەی دەستوردا مامەڵە لەگەڵ ھەرێم و حکوومەت و گەلی کوردستاندا بکات .
ھەموو مافەکانی گەلەکەمان کەلەدەستوردا جێگیرکراون جێبەجێ بکات ، وانەیەکیش لەمێژوو وەربگرێت ، بزانێت ھەرگیز گەلی کوردستان ئیرادەی ناشکێت و خۆی ڕادەستی ملکەچبوون و پاشکۆیەتی ناکات