مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاند، ناکرێت قەیرانی سوریا لەڕێگای جەنگ و شەڕەوە چارەبکرێت، بەڵکو چارەسەرەکەی گفتوگۆیە، ئەوانیش ئامادەییان تێدایە لەگەڵ هەمووان گفتوگۆبکەن، لەنێویاندا تورکیا.
لە میانی وتارێکدا بەبۆنەی دوانزەهەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند :"ئەو شۆڕشە لە کۆبانێ دەستیپێکرد بەڵام بە تەواوی ڕۆژئاوادا بڵاوبویەوە، ڕاستە گەلی کورد شۆڕشەکەی هەڵگیرساند بەڵام سەرجەم گەلان و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەخۆیانگرت، شۆڕشەکە بە پشتیوانی گەل و شەهیدان و شەڕڤانانمان بوو، لەسەر ئەو ڕێچکەیەش بەردەوامە تا ئەمڕۆ".
عەبدی ئاماژەی بەوەدا، هەمووان درکیان بەوە کردووە کە قەیرانی سوریا بە جەنگ و شەڕ چارەسەرناکرێت، بەڵکو چارەسەر بریتییە لە گفتوگۆ، ئامادەیی خۆی نیشاندا لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لەنێویاندا تورکیا.
ڕاشیگەیاند کە هێزەکانی سوریای دیموکرات و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خاوەن بنەما و مافن، دەبێت ئەوانەش لە هەر گفتوگۆیەکدا لەبەرچاو بگیرێت و نابێت هێزە هەرێمییەکان و ڕژێمی سوریا هەنگاوێک بنێن کە دژبێت بە پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە.
لە کۆتاییشدا دڵنیایی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەن بۆ هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
|