X
مەزڵوم عەبدی: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا تورکیا

کێ دژی پێکھاتەکانە؟

کاردۆ عوسمان هەورامی

بریارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ کۆتایی ھێنانی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان بووە جێگای تانەی حزبێکی دیاری کراو و چەند کەسایەتیەکی پێکھاتەکانیش دژی بریارەکە وەستانەوە،بەبێ ئەوەی شیکردنەوە بۆ ھۆکاری بڕیارەکە و لێکەوتەکانی بکەن،تاوەکو بگەنە ھۆکارێکی راستەقینە، لەبری ئەمە وەک ھەمیشە قاوانە کۆنەکەیان لێدایەوە، کە دوورت دەخاتەوە لە تێگەیشتن لە واقیعی بریارەکە و چۆنیەتی مامەڵە کردنێکی دروست لەگەڵ بڕیارەکە کە ئێمە لێرەدا ھەوڵ دەدەین واقیعانەتر کەمێک بۆ خوێنەران شی بکەینەوە.


بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە چوارچێوەی تێگەیشتیان بۆ دەستوری عێراق دەردەکرێت،ئەوان تەفسیری دەستور دەکەن و بریارەکانیشیان لەچوارچێوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانە،نەک شێوازی سکاڵا تۆمار کردنەکە، بۆیە بریارەکانیان دەستوری و ئیلزامیە و قابیلی تانەدا لێدان نیە،ھەرچی پەیوەست بە لابردنی کورسی کۆتاکان،کە وا بانگەشە دەکرێت یەکێتی نیشتمانیی کوردستان داوای کردبێت،ئەوا ناراستە، بەڵکو یەکێتی داوای کردبوو کورسی کۆتاکان بە یەکسانی لە نێوان پارێزگاکان دابەش بکرێت، کۆمسیۆنی بالای ھەڵبژاردنەکانیش ئامادەکاری بۆ ئەگەری یەکلایی کردنەوەی بریاری دادگا کردبوو،بە نوسراوی ژمارە(٢٥٥١) لە رۆژی (٣٠/١١/٢٠٢٣) پشت بەستن بە کۆنوسی (٢٨٧٨) پێشنیاری دابەش کردنی کورسی کۆتاکانی کردبوو، کە ھەولێر چوار کورسی کۆتا ، سلێمانی چوار کورسی و  دھۆک سێ کورسی کۆتایان پێدەدرێت،بەڵام دادگا تەواوی کورسی کۆتاکانی نەھێشت کە ئەمەش ھاوتە نەبوو لەگەڵ دەقی سکاڵاکە،بەوپێیەی کورسی کۆتاکان بەو شێوەیە دژی بنەما دەستورییەکانە، ھەربۆیە ئەوانەشی تانەی لێدەدەن ناتوانن بڵێن دژی دەستورە بەڵکو دەڵێن دژی "روحیەتی دەستورە"، کەئەمەش لێکدانەوەی خودی خۆیانە،قسەیەکی نازانستی و ناواقعیە و دەستور مادە و بڕگەی ھەیە و نەک روح!


ھەرچی پەیوەست بە کورسی کۆتاکان دوای بریارەکە،ئەوا دەبێت ئەوە بزانین ماوەیەکی زۆرە تێبینی لەسەر ئەدای کارکردنی ئەندامانی کۆتاکان ھەیە، کە بوونەتە بەشێک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و رەخنەی جدی لێدەگیرا، داوای ئازادکردنی کۆتاکان دەکرا لە پاشکۆیەتی،بەڵام پارتی گوێی نەدەگرت، بۆیە لایەنێک بە ناچاری پەنای بۆ بەغداد برد، تا ئەم یەکسانیە بێتە دی، کە بەھۆی کۆتاکانەوە ناھاوسەنگی سیاسی دروست بووبوو، دەبێت واقعی بین،ئەو نوێنەرانە نوێنەرانی پێکھاتەی خۆشیان نەدەکرد،بۆیە کارکردنیشیان بۆ خودی خۆشیان نەبوو،بە لابردنی کۆتاکان، ئێستا پێکھاتەکان بە مافی راستەقینەی خۆیان و بە دەنگی خۆیان دەتوانن نوێنەری راستەقینە ھەڵبژێرن، نەک کەسێک بە دەنگی ٢٠٠ دەنگی ئەمنی ببێتە پەرلەمانتار،لەوەش زیاتر کاتێک کاندێک دەردەچێت،ئەوا بەپێی سوێندی یاسایی دەبێتە نوێنەری ھەموو گەلی ھەرێمی کوردستان و بەرگری لە مافەکانیان دەکات، ھیچ پەرلەمانتارێک ناتوانی سوێند بخوات کە تەنھا بەرگری لە پێکھاتەی خۆی دەکات، بۆیە بەپێی یاسا ھەموو پەرلەمانتارێک نوێنەری ھەموو پێکھاتەکانە.

ھەرچی پەیوەست بە دابەش کردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن،ئەوە تاک بازنەیی زۆر کلاسیکە و لە جیھاندا چەندین دەیەیە مۆدێلی بەسەر چووە، چونکە بەھۆکاری بایکۆت و سیاسی و لایەنی کۆمەڵایەتی رێگری دەکات لەوەی ھەموو ناوچەکان نوێنەری خۆیان ھەبێت،بەڵام فرەبازنەیی نوێنەرایەتی ھەموو پارێزگاکان دەپارێزێت،ھیچ ھۆکارێک نابێتە رێگر لەبەردەم نەبوونی نوێنەری ناوچەیەکی دیاری کراو، لە کوردستان کێشەکە ھەر ئەمە نیە،بەڵکو بەھۆی پارێزگایەکی بچووکی وەک دھۆک پارتی ھەموو جارێک دەبووە زۆرینە،چونکە چاودێری سندوقەکانی دەنگدان کەم و سنوردار بوو، کە بواری بۆ کاری نایاسایی و ساختەکاری کردبووە،ھەروەھا بەھەر ھۆکارێک بێت بەشداریش زۆر بوو، بۆیە نایەکسانی لە نوێنەرایەتی  و دەسەلات دروست کردبوو، کە ئەمەش پێچەوانەی دەنگی راستەقینەی و بنەما دیموکراسییەکانە، بۆیە بریارەکەی دادگا پێودەنگی دیموکراسی بەھێزتر دەکات و نوێنەری راستەقینەش بۆ پێکھاتەکان فەراھەم دەکات.

ماوەتەوە بڵێین، نابێت ئەم بریارە بۆ بەرژەوەندی حزبی وا لێکبدرێتەوە کە گەلی کورد دژی پێکھاتەکانە،ناکۆکی لە نێوان پێکھاتەکان دروست بکرێت،بەڵکو دەبێت وەک بریارێکی دروست سەیر بکرێت، عیبرەت وەربگیرێت پێش پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی و بەغداد، ھەوڵبدەین لە ناوخۆ ڕێکبکەوین بۆ ئەوەی ھەرێم بە پەنابردن بۆ بەغداد مەوقیفی لاوازتر نەبێت و زیاتر لە قاڵب نەدرێت، کە لە ئێستادا بەھۆی نەمانی دام و دەزگای شەرعی مەترسی جدی لەسەرە.