X
وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی 10ی بۆ هەرێم خەرجکرد

پێناچێت تا دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق، پارتی و یەکێتیی لەسەر حکومەتی هەرێم کۆببنەوە

سەرتیپ جەوهەر

لەدوا سەردان و دیداری لێپرسراوانی باڵای پارتی و یەکێتیی، بەبۆنەی تەواوبوونی کارکردنی لەعیراق، محەمەد حەسسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان ھەردوولای لەناکۆکی و دووبەرەکی نێوانیان ئاگادارکردەوەو پێی راگەیاندن ئەگەر بەکۆدەنگی نەچنە بەغداو رێکنەکەون لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار، زیانی گەورە بەر کورد دەکەوێت. ھەروەک ئەمڕۆو دوێنێ لێپرسراوانی باڵای شیعە پەیوەندیان بڕیاربەدەستانی ھەرێم (پارتی و یەکێتیی) کردووە کە ئەوان نایانەوێ ببنە لایەنگر (تەرەف) لەپرسی کاندیدی سەرۆک کۆمار، واباشترە پارتی و یەکێتیی لەسەر کاندیدێک رێککەون، ئەگەرنا ھەم خۆیان و ھەم لایەنەکانی بەغدا توشی ئیحراجی دەکەن.

لەدوایین کۆبونەوەیاندا پارتی و یەکێتیی بەزمانێکی نەرم گفتوگۆیان کردووە، بۆ قسەوباس لەسەر گفتوگۆکانیان، ھەردوولا گوتویانە دەگەڕێینەوە لای مەرجەعی خۆمان، بەڵام دواتر دیارە وڵامی نەرێنیان لەیەکتر گێڕاوەتەوە. واتە رێکنەکەوتن.

بەپێی ئەو بەیاننامەیەی دوێنێی یەکێتیی بێت کە لەدوای کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی خۆی بڵاویکردەوە، ئاماژەی تێدایە کە پێدەچێت ھیچ کۆبونەوەیەکی دیکە لەنێوان پارتی و یەکێتیی لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم ناکرێت تا دوای پێکھێنانی حکومەتی عیراق یان لایەنیکەم ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق.

لە ٢٩ ئەم مانگە خولی نوێی پەرلەمانی عیراق کۆبونەوەی خۆی دەکات، لەم کۆبونەوەیە پێویستە سەرۆکی پەرلەمان و ھەردوو جێگرەکەی ھەڵبژێردرێن. لەماوەی دوای رووخانی رژێمی سەدام وەک نەریتێک ھەموو جار جێگری دووەم بەر پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتووە (جگە لەیەک خول کە خۆی ئەو پۆستەی بەخشیە بزوتنەوەی گۆڕان) بۆیە ئەگەر پارتی ٢٩ مانگ کاندیدی ھەبێت بۆ ئەو پۆستە، لەسەر ئەو بنەمایە خوێندنەوە بۆ دابەشبوونی پۆستەکانی بەغدا دەکرێت بەتایبەتیش پرسی سەرۆک کۆمار، چونکە پۆستەکانی بەغدا نەک تەنھا لەنێوان یەکێتیی و پارتی بگرە ھەموو پۆستەکانی دیکەش وەک نەریت لەنێوان شیعەو سوننە بۆ ھەموو خولێک دابەشکراون.

وەفدێکی رەسمیی پارتی لەبەغدا بوون، بەدڵنیاییەوە تامی زاری ھەموو پێکھاتەکانی عیراقیان کردووە، رەنگە بەرچاوروونتر بن لەبارەی پرسی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق. رەنگە دوای ھاتنەوەی ئەو وەفدەو کۆبونەوەیان لەگەڵ سەرکردایەتی خۆیان جارێکی دیکە ھەردوولا (پارتی و یەکێتیی) پەیوەندی بەیەکترەوە بکەنەوە، بەڵام پێناچێت تا دوای پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق ھەردوولا باسی پێکھێنانی حکومەتی نوێی ھەرێم بکەنەوە.

لەھەموو بارودۆخێک پێکھێنانی حکومەتی عیراق راستەوخۆ لێکەوتەی دەبێت لەسەر پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم. ئەگەر پارتی بەبێ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی پۆستی سەرۆک کۆمار لەپەرلەمانی عیراق بباتەوە، پرسی پێکھاتنی حکومەتی ھەرێم زۆر ئاڵۆز دەبێت. ئەوکات یان دەبێت پارتی دەستبەرداری یەکێک لەدوو پۆستە باڵاکەی ھەرێم ببێت بەتایبەت پۆستی سەرۆکی ھەرێم، یاخود دوو ئیدارەیی زۆر تۆخدەبێتەوەو شلەژانێک لەدۆخی سیاسی دروستدەبێت. ھەرچەندە ئێستا حکومەت و حوکمڕانی ھەرێم ھیچ وەسفێکی قانونی نییەو پەرلەمان پەکیکەوتووەو دەکرێت بڵێین بەتەواوی لەدەرەوەی شەرعیەتی قانونییە.

بەگریمانە، ئەگەر یەکێتیش بەبێ رێککەوتن لەگەڵ پارتی سەرۆکی کۆمار بباتەوە، ئەوا دوای پێکھاتنی حکومەتی عیراق، سەقفی داواکارییەکانی بەرزتر دەکاتەوە. دیسان ئاڵۆزی بۆ پێکھاتنی حکومەتی ھەرێم دروستدەبێت.

خولاسە، ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستانی دەخوازن بەتایبەت ئەمریکاو ئەوروپا، دوورە لەخواستی حزبی پارتی و یەکێتیی. ئەوان دەیانەوێ حکومەتێکی ھەڵبژێردراو پەرلەمانێکی کاراو ھێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو ھەبێت. ئەنجام ھەرێمێکی یەکگرتووی بەھێز دوور لەکاریگەری و راکێش راکێشی ھەرێمایەتی ھەبێت. بێگومان ئەوە لەبەرژەوەندی ھەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە. دوور بێت لەدەستوەردان، یاخود دابەشبوون بەسەر ئەجێنداو نفوزی ھەرێمایەتی.

ئەوەی ھەیە زۆر روونە. ئەگەر پارتی و یەکێتیی رێکنەکەون، بارودۆخێکی ناجۆر روو لە ھەرێم دەکات. ئێستا دامەزراوەکانی شەرعیەتی یاساییان نەماوە. پەرلەمان چ وەک دامەزراوەی نوێنەرایەتی خەڵک چ دامەزراوەی چاودێر بەسەر حکومەت و حوکمڕانیی بەتەواوی پەکیکەوتووە.

دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بەتەواوی پاشەکشەی کردووە. ئەوەی ئەمڕۆ ھەیە، ھیچ پێناسێکی لەئەدەبیاتی سیاسی و حوکمڕانیی نییە. ئەنجام ھیچ بەھایەک بۆ شەرعیەتی حوکمڕانی نامێنێت.