دیپلۆماسییەتی کلتوری یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی پرۆسەی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی، ھێزێکی نەرمە کە تاکەکانی کۆمەڵگە خاوەنداریتی لێدەکەن و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاڕاستەی سیاسی ھەیە، بۆیە ئەگەر ئەو ھێزە نەرمە جارێک بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرنگ بێت، ئەوا چەندین جار بۆ کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگە ژێر دەستەکان گرنگترە.
لەئێستادا ھەمووان کەم تا زۆر ئاگاداری ڕووداوەکانین، ھەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستە لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوانە بەھەند وەربگیرێن و کۆی کۆمەڵگە لە سیاسییەکی باڵاوە تاوەکو دەگاتە ھاوڵاتییەکی ئاسایی سەرشەقام مامەڵەی دروست و پێویستی بۆ ئەو لێکەوتانە ھەبێت و خۆی بەخاوەنی بزانێت، چونکە دواجار ئەوە ئێمەین کە ھەرکەس بەگوێرەی خۆی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشان.
دیپلۆماسی کولتووری لە کورتییەکیدا واتا ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و ھونەر و زمان و نەریت لە نێوان گەلان، بۆ بنیاتنانی لێکتێگەیشتن و دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لە پێناو پێشخستنی ئامانجە سیاسییەکان، واتە بەکارھێنانی پەیوەندیی خەڵکە بە خەڵکەوە، پەیوەندی تاکەکان و کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پاڵپشتی حکومەتەکان، بۆ نمونە ئاڵوگۆڕی کلتوری لەنێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەدا، جا ئیتر کورد وەک نەتەوە خاوەنی چ کلتورێکە پێویستە باشتر بە دونیای دەرەوەی خۆی بناسێنێت.
چونکە دیپلۆماسیەتی کلتوری دەتوانێت پاڵپشتێکی تەواو جدی بێت لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابوریدا و دەتوانێت تەواو ڕۆڵێکی گرنگ و جدی ھەبێت بۆ پاڵپشتی لە دیپلۆماسی سیاسی، لەو چوارچیوەیەشدا لایەنە سەرەکییەکانی وەک حکومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە (کورد وەزارەتی دەرەوەی نییە و ئەو فەرمانگەیە جۆرێک لەو ڕۆڵە دەبینێت)، دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان یاخود بڵێین زانکۆکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و پاشان گروپ و تاکەکان دەتوانن بەو ڕۆڵە گرنگە ھەڵبستن.
لێردا پێویستە بوترێت، بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی باشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریدا نیە، لە دۆخێکی گرنگیدان بە پرسە جدییەکاندا نییە و ئەوەی دەگوزەرێت ڕاگوزەرە و ھیچ سودێکی بۆ داھاتووی نییە، کەمینەیەکی پەراویزخراوی خەمخۆری جدی بوونی ھەیە کە زۆر جاران نەک ئەوەی پاڵپشتییان ناکرێت، بەڵکو لەمپەر لەبەردەم ھەنگاوە کانیان دروست دەکرێت، ئەمەش تەنھا بۆ ئەوە دەڵێم کە چیتر پێویستە لە پێناو ئایندەی گەشی گەلەکەماندا پاڵپشتی لە ھەنگاوە جدییەکان بکرێت و پرسی دیپلۆماسییەتی کلتوریش بەھەند وەربگیرێت، چونکە دواجار کۆمەڵگەی کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی خاوەنی کلتورێکی دەوڵەمەندە و دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، من لە کورتیدا باسم کرد.
دەمەوێت ئەوەش بڵێم، ڕێکخراوی نێردە بۆ دیپلۆماسی و پەیوەندییەگشتییەکان، لەئێستادا کاری جدی و بەرنامەی تایبەتی ھەیە بەو پرسە و ھیوادارە ھەمووان پێکەوە کاری لەسەر بکەن.