X
ئەو سکاڵایەیی دژی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تۆمارکرابوو رەتکرایەوە

گەر لەجیاتی پارێزگاری هەولێر بومایە؟

لەتیف نێروەیی

گەر لەجیاتی پارێزگاری هەولێر بوومایە (10) جار داوای لێبوردنم دەكرد و بۆ لێخۆشبوون دەپاڕامەوە:
یەكەم: سەردانی شەیما ئەحمەد كچە پەیامنێری كەناڵ (8)م دەكرد و سێ جار داوای لێبوردنم لێ دەكردو پێم دەوت:
ـ لێم ببورە خاتوونی بەڕێز بەپێی دابونەریتی كوردەواری شەرمەزارییەكی گەورەیە (4) پیاو پەلاماری كچێك بدەن و ئەو پەلاماردانە لە سنوری ژێر قەڵەمڕەوی من بوو.
ـ لێم ببورە خاتون كە لە گەرمەی چالاكییەكانی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی لەدژی ژنان و كچانی کوردستان، لە سنوری ئیدارەی من ئەو توندوتیژییە ناسەردەمیانە لە دژی تۆ كراوە.
ـ لێم ببورە خاتوونی رۆژنامەوان، دەمێكە ئێمە باس لە ئازادی رۆژنامەوانی دەكەین، كەچی لە سنوری ئیدارەی ئێمە (4) كەس پەلاماری كچێكی  بێ تاوانی رۆژنامەوان دەدەن و كەل و پەلەكانی لەناو دەبەن، بۆیە داوای لێبوردنت لێ دەكەم و لەرێی خۆتەوە داوای لێبوردن لە سەرجەم ژنان و ئافرەتان و كچانی كوردستان دەكەم.
ـ لەرێی خۆتەوە داوای لێبوردن لە سەرجەم رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم بۆ  ئەو بێ ڕێزییەی بەرامبەر بەمایک و کامێراو پەیڤ و کاری رۆژنامەوانی کرا، چونكە ترسم هەیە بۆ لەمەودوا هەرکاتێك چاوم بە مایکی ئێوە و کەناڵەکانی دیکە بکەوێت شەرم دامبگرێت و وەکو پێویست قسەم بۆ نەکرێت.
دووەم: سەردانی ئەو خاوەن پێداویستیە بێ دەسەڵاتەم  دەکرد كە لە گوندەكەدا بە ناچاری و بەبێ ئامرازی گواستنەوە رەڤەند كرا و لەنزیكەوە هەواڵیم دەپرسی و لەگەڵ دابینكردنی ئامرازێكی گواستنەوە داوای لێبوردنم لێ دەكرد بۆ ئەو رووداوە نەخوازراوەی كە بەرامبەری كراوە و دەمگوت دوو جار هەست بەشەرمەزاری دەکەم ، جارێک کە لەسەر شاشەی tv یەکان تۆم بەو شێوەیە بینی ، جاری دووەمیش هەست بەشەرمەزاری دەکەم کە تا ئێستا کەمئەندامی وەکو جەنابت لە پایتەختی کوردستان هەبن و بێ بەشبن لە ئامرازی گواستنە و هاتووچۆکردن !!.
سێیەم: سەردانی خێزانی ئەو منداڵە ساوایەم دەكرد كە لەو سەرمایە لە قەراغ جادە بۆ مەمكە شوشەكە دەگریا و داوای لێبوردنم لەو منداڵە ساوایە دەكرد و پێم دەوت: كاتێك دیمەنی تۆم لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان بینی شەرمەزاری و نیگەرانی دایگرتم و دەترسم هەرکاتێ چاوم بە منداڵێک بکەوێت دیمەنی ناخهەژێنی تۆم بێتەوە یادم .
چوارەم: سەردانی سەرجەم منداڵانی گوندی لاجانم دەكرد و پێیانم رادەگەیاند كە بە گەورەیی خۆتان لێم ببورن كە بەهۆی ئەو رووداوەوە لە قوتابخانە دابڕان.
پێنجەم: سەردانی ماڵی ئەو پیاوە بەتەمەنەم دەكرد كە لەناخەوە و بە كوڵ دەگریا و پێم دەوت مامەگیان زۆر داوای لێبوردنت لێ دەكەم.
شەشەم: سەردانی گەنجە گیراوەكانی گوندی لاجانم دەكرد لە زیندانەكان و داوای لێبوردنیانم لێ دەكرد و پێیانم رادەگەیاند كە لێم ببورن و درەنگ هاتمە سەر خەت و ئەگەر زۆرتر خەمێكی جددی بۆ ئەو كێشەیەم هەبووایە و نێوەندگیرییەكم بكردایە لەنێوان ئێوە و كۆمپانیاكە دەگەیشتینە ئەنجامێكی باش و ئەم رووداوە روونەدەدات و من كەمتەرخەم بووم بۆیە هەر ئێستا ئازادتان دەكەین.
حەوتەم: داوای لێبوردنم لە خەڵكی هەولێر و دەوروبەری دەكرد و رامدەگەیاند كە كێشەكەتان زۆر سادە و ساكار بوو، گەنجانی گوندی لاجان داوای دامەزراندن و هەلی كاریان كردووە و هیچ پەیوەندی بە لایەنی سیاسی و دەستی تێكدەرانەوە نەبووە و ئێمە ئەو بابەتەمان فەرامۆشكرد و نە خۆم وەكو پارێزگار، نە جێگر و یاریدەدەرەكەم نە بەڕێوەبەری پۆلیس نە هیچ بەرپرسێكی ئیداری هەولێر هەوڵمان نەدا بە شێوەیەكی قانونی و ئیداری ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین و بەداخەوە بژاردەی هێز بوو بە تاكە بژاردە و بەمەش خوێنێكی زۆر بە ناهەق رژا و لەماوەی چەند رۆژێكیش خەڵكی هەولێر و دەوروبەری لە دۆخێكی نائاسایی و دڵەڕاوكێ و نیگەرانیدا ژیانیان بەسەر برد.
هەشتەم: داوای لێبوردنم لەهەموو لایەنێك دەكرد بەهۆی خەمساردی و درەنگ هاتنە سەر خەتی ئێمە كۆمەڵێك رووداوی نەخوازراو روویاندا، بۆیە تكا دەكەم هەر هەمووتان لێمان ببورن.