کە منداڵ بوین، لەشاری کەرکوک چەندین ماڵی تورکمانی ھاوسێمان بون، کە یاریمان دەکرد ھەندێ منداڵی تورکمان قسەیەکی تورکمانییان بەکار دەھێنا و ئەیانوت:
(یان ئۆینەرەم یان زیفلەرەم)
ئەمەش بەو واتایەی ((یان یاری ئەکەم یان تێکی ئەدەم)) دیارە ئێمەش ئەو لۆجیکەمان دەزانی و وەکو ئەوانیش باسمان دەکرد، دیاریش بوو لە ناوەڕۆکدا ئەوان ئەیانویست یارییەک بکەن بەپێی یاساو حەزی خۆیان بێت، دەنا تێکی دەدەن و ناھێڵن ئێمەش یاری بکەین.
ئێستا ھەندێ کەسایەتی سیاسی لە ھەرێمەکەمان ھەمان لۆجیک بۆ پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم پیادە دەکەن و، ئەڵێن یان دەبێ بە یارییەکەی ئێمە رازی بن و حکومەت دروست بکەین، یان تێکی ئەدەین و لەسەرەتاوە دەس پێ دەکەینەوە و ھەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام دەدەین !!!
مەغروریەتی سیاسی ھیچکات یەکڕیزی نیشتمانی دروست ناکات، گەر یەکڕیزیتان دەوێت پێویستە بیرکردنەوەو ھەڵسوکەوتتان بەو ئاراستەیە بێت.
ئەگەر ئێوە ئەتانەوێ رێساو یاساکانی یاریکردن بگۆڕن بۆچی پێتان سەیرە بەرامبەرەکەشتان بەھەمان شێوە بیربکاتەوە، یەکێتیش خەمخۆری سەرەکی مافەکانی خەڵکە، بەھەڵبژاردنیشەوە، چونکە ھیچ کاتێک سڵی نەکردۆتەوە لە ھەڵبژاردن بەتایبەت -بە پێچەوانەی لایەنی تر- لەم سێ ساڵەدا دەنگ و کورسی زیاد کردوە.