X
ئەو سکاڵایەیی دژی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تۆمارکرابوو رەتکرایەوە

پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم لە نێوان ھێز و دەنگداندایە

کاردۆ عوسمان هەورامی

بۆ پێکھێنانی حکومەت لە وڵاتانی رۆژھەڵات کە تا رادەیەک دیموکراسی تیایدا بەرقەرارە، زیاتر پشت بە تەوافوقی دیموکراسی دەبەستن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئەمەش لە عیراق و ھەرێمی کوردستان بووەتە عورفێکی سیاسی، ئامانج لە پیادەکردنی ئەم پڕۆسەیەش بەشداری پێکردنی ھەموو پێکھاتە و لایەنەکان و پێکھێنانی حکومەتی بنکەفراوانە ،چونکە ھێشتا عەقڵیەتی جیاکاری و جیاوازیکردن لە ناوچە و خزمەتکردنی حزبی خۆت ھەر کارایە، بەڵام ئەم میکانیزمە بەدەر نییە لە کەموکورتی و تێکدانی ھاوسەنگی ھێز، ئەمە جگە لەوەی پێکھێنانی حکومەت زۆر دوادەخات،چونکە لایەنی یەکەم کە بۆ پێکھێنانی حکومەت راسپێردراوە، تەواوی پۆستەکان بە موڵکی خۆی دەزانێت و زۆرجار وەک خێر دابەشکردن لێیدەڕوانێت، کە کێشەکە لێرەدا دەستپێدەکات.

لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی واقعی سیاسی و ئیداری، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ناچارن حکومەت پێکەوە پێکبھێنن، بۆ ئەمەش پێویستیان بە دەنگی بەرامبەر ھەیە بۆ پەسەندکردنی کابینەی نوێی حکومەت، پێکھێنانی حکومەتیش تا دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە نێوان ئەو دوو ھێزەدا ئاسانتر بوو،چونکە ھاوسەنگی ھێز لە نێوانیاندا بوونی ھەبوو، بەشێوەی دەوری پێکدەھێنرا، بەڵام ھاتنی بزووتنەوەکە ئەم ھاوسەنگییەی لە بەرژەوەندی پارتی تێکدا و یەکێتیش ناچار بوو بە بەشداری لە کابینەیەکدا بکات کە بەخواست و ویستی ئەو نەبووە، ئێستاش ھەرچەندە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پشت ئەستور بە ئەنجامی دەنگدان، ئەم بارە لاسەنگە رێکبکاتەوە، بەڵام پارتی ئامادەی قبوڵکردنی ئەم دۆخە نییە، کە یەکێتی ئێستا بەھێزە و بزووتنەوەی گۆڕانیش سفر کورسی ھەیە، بۆیە لەمپەر بۆ پێکھێنانی حکومەت دروست بووە.

 لە ھەرێمی کوردستان پێنج دەسەڵاتی گرنگ ھەیە، کە بریتین لە سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی دادوەرین، لەم پێنج دەسەڵاتە چواری لای پارتییە و تەنھا پەرلەمان بە یەکێتی دەدات، کە خۆی تیایدا زۆرینەیە و ھەر کاتێکیش بیەوێت" لە نێوان خراپ و خراپتردا خراپ ھەڵدەبژێرن"، ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و فەرمانگای میدیا و پەیوەندییەکان تەحەفوزی لەسەری ھەیە و ئامادە نییە دانوستانی لەسەر بکات، ئەمەش ھیچ شتێک بۆ ھاوبەشی ناھێڵێتەوە، بەڵکو دەبێتە بەشداریکردن و رۆڵێکی لاوەکی، ھەروەھا پارتیش زۆر زیاتر لە ئیستیحقاقی خۆی بردووە

یەکێتی دەیەوێت کۆتایی بەم جۆرە حوکمرانییە بھێنێت و ھاوبەشی راستەقینە بێت لە بەرنامە و  شێوازی حوکمڕانی، بۆ ئەمەش ھەنگاوی باشی ناو توانی لە بەرنامەی داھاتووی کابینەی حکومەتدا جێگیری بکات و پارتی ناچار بکات رازی بێت بەو بەرنامەیەی کە یەکێتی بۆ راستکردنەوەی فەرمانڕەوایەتی دایڕشتووە،ئەمەش بەھۆی زیادبوونی دەنگەکانییەوە بوو، بەڵام ھێشتا کێشە لە بەشی دووەمی حوکمڕانیدا ھەیە کە دابەشکردنی پۆستەکانە بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن،ئەگەر یەکێتی بتوانێت دەنگی زیاتر بھێنێت و ببێتە ھێزی یەکەم یان ھاوسەنگی ھێز بە تەواوی بگەڕێتەوە، ئەوە دابەشکردنی پۆستەکانیش یەکسان دەبێتەوە و دەکرێنەوە بە ئامرازێک بۆ خزمەتی گشتی، نەک خزمەتی حزبی و تێکەڵاوکردنی کاری حکومەت و حزب پێکەوە، کە حکومەت خراوەتە خزمەتی حزب، کە ئەمەش پێچەوانەی فەرمانڕەوایەتی رەشیدە، کە حزب دەخرێتە خزمەتی حکومەتەوە.