X
ئەو سکاڵایەیی دژی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تۆمارکرابوو رەتکرایەوە

ئاسمانی كوردستان، لەم جەنگە نوێیەدا

نەبەز گۆران

مرۆڤ لە ڕووی چەكەوە پێشكەوتووە، لەكاتی جەنگەكاندا ئیتر ئاسمان ئەو واتایەی نییە، پێشتر هەیبوو. ناتوانین بە نیگایەكی شاعیرانەوە تەماشای ئاسمان بكەین و جوانی ئەستێرەكانی و مانگەكەی بكەین بە هێما. لەم جەنگە نوێیەدا، ئاسمان ڕووبەرێكە بۆ پیشاندانی توانا و هێزی شەڕكەرەكان.
شەڕێكی نوێ دەستی پێكردووە، دوو دەوڵەت دوور لە سنووری یەكەوە، شەڕی خاوەنداریەتی ڕۆژهەڵات دەكەن. هەردووكیان لە ڕێگەی ئاسمانەوە شەڕدەكەن. خاكی كوردستان لەو نێوانەدا، ئاسمانەكەی تاقە دەروازەیە بۆ هەردوو شەڕكەرەكە. ئەگەر لە مێژووی ڕابردوودا، لە سەردەمی هاخامەنشینەكانەوە، تا سەردەمی دەوڵەت نەتەوە. دەروازەی ڕانییە و دەروازەی جەلەولا، خاڵی لاوازی فارسەكان بووبێت بۆ چوونی لەشكرەكان بۆسەر خاكەكەیان، لە ئێستادا ئاسمانی كوردستان، كە هیچكەس ناتوانێت خاوەنداریەتی بكات، خاڵی لاوازی سیستەمە نوێیەكەی ئێرانە.
دوو هێزەكە شەڕی خاوەندارییەتی دەكەن. پڕۆژەی نوێی ئیسڕائیل گۆڕینی پایەكانە، پڕۆژەیەكە دەیەوێت ڕۆژهەڵات بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و سعوردییە و ئیتر هیچ جەمسەرێكی تر لە ئارادا نەبێت. ئێران وەك جەمسەرێك نوێنەرایەتی گوتار و هەژموونێك دەكات پێشتر خۆی تێدا هیلاككردووە، بۆیە بەرگری لەو هەژموونەی خۆی دەكات، كە لە سەردەمەی شا ئیسماعیلی سەفەوییەوە تاكو ئێستا هێشتا وزەی خۆی لەدەست نەداوە. هێشتا دیارنییە لەم شەڕەنوێیەی خاوەندارییەتی ڕۆژهەڵاتدا، پڕۆژە ئیسرائیلییەكە سەردەكەوێت، یان نا. بەڵام خۆرئاواییەكان و ئەمریكا لایەنگری پڕۆژە ئیسرائیلییەكەن. (خۆرئاواییەكان وردن.)
شەڕەكە چووەتە قۆناغێكی ڕژدەوە. لە دەستپێكدا ئیسڕائیلییەكان بەباشی ئامانجەكانی خۆیان پێكا. لەڕووی چەك و چاودێرییەوە لە ئێرانییەكان بەهێزترن. لە ڕووی كێشە ناخۆییەكانیشەوە بەهەمان شێوە لە ئێرانییەكان بەهێزترن. لە هەمانكاتدا لە ڕووی ئابووریی و ناڕەزایەتی ناوخۆییەوە، دۆخیان لە ئێران باشترە. بەڵام ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت، چیرۆكی كۆتایی شەڕەكە لەبەرژەوەندی ئەواندا بێت، چونكە ئێران شارەزایە لە تێوەگلان. دەزانێت چۆن هێزی تر و دەوڵەتی تر تێوەگلێنێت و، هەمیشە بەو پڕۆژەی تێوەگلانە زۆرجار ئامانجی كۆتایی خۆی بەدەست هێناوە.
لەسەردەمی شا ئیسماعیلەوە، بۆ قاجار و پەهلەوییەكان و پاشان بۆ سیستەمی ئاخوندی، ستراتیژی تێوەگلان، هەمیشە بووە بە هێز و وزە بۆ دەسەڵاتەكانی ئێران. ئەوە پەنجا ساڵە ئەو سیستەمە لەسەر ئەم گوتارە هێز و وزە بەخۆی داوەت،(مەرگ بۆ ئیسرائیل، مەرگ بۆ ئەمریكا.) هەرچەندە لەناوخۆدا ئەم گوتارە ئێستا ڕەخنەیەكی زۆر دەكرێت، بەڵام هێشتا سیستەمەكە ئامادە نییە بیگۆڕێت.  دەیەوێت لەژێر هەژموونی ئەو گوتارەدا كار بۆ تێوەگلان بكات، بۆئەوەی لە ڕێگەی تێوەگلاوەكانەوە جارێكی تر توانا و هێز بەخۆی ببەخشێتەوە.
ئەوەی گرنگە لەم شەڕەدا، كورد و خاكەكەی و هاوڵاتییەكانیەتی. خۆ یەكلایی نەكردنەوە و یان بێدەنگی بەرامبەر بە شەڕێكی لەمجۆرە، بە مانای لاوازی نایەت، بەو مانایە دێت بیرۆكەی تێوەگلانی میرنشینەكان لەم قۆناغەدا نەبێتە چیرۆكێكی نوێی ناو شەڕەكە و تراژیدیا بۆ كورد بەهەرم بهێنێت. بێگومان كورد ناتوانێت ئاسمانەكەی بپارێزێت و بەرگری لە ڕوونەدانی شەڕی ئاسمانی ئەو دوو هێزە بكات، بەڵام دەتوانێت هوشیاری خۆبەدوورگرتنی هەبێت و سیاسییەكانی و هێزەكانی نەبنە بەشێك لەم شەڕە. (ئەوەی ئێستا بۆ حیزبە سیاسییەكانی كورد گرنگە، دانیشتنە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی تێوەنەگلانی كورد و بەرهەمهێنانی گوتارێكی ڕوون، كە كورد پێویستە چۆن تەماشای داهاتووی خۆی بكات؟)
كوردەكانی ڕۆژهەڵات لەم قۆناغەدا لەناو دۆخێكی سەختدا دەیگوزەرێنن، سەخت لە ڕووی ئابووریی و ژیانەوە، سەخت لە ڕووی ترسەوە. ڕوونیش نییە ئەم شەڕە ئاسمانییە بتوانێت سیستەمی دەسەڵاتی دوو شەڕەكەرەكە بگۆڕێت.(مەگەر لەناوخۆدا جوڵە ڕووبدات، یان كارەكتەری یەكەمی سیستەمەكە كۆتایی پێبێت و ئاڵوگۆڕێك بێتە ئاراوە.) لە هەموو دۆخێكدا بیركردنەوە لە كوردەكانی ڕۆژهەڵات و كۆی پرسی كورد لەم نێوانەدا، دەكرێت ئامانجی یەكەمی هەموو هێزێكی سیاسیی كوردیی بێت. 
نازانرێت كۆتایی چیرۆكەكە چییە. ڕەنگە تاقە كەسێك دیمەنی داهاتووی ئەم چیرۆكەی لابێت و پێی وترابێت و هوشیاركرابێتەوە لەسەری، شا عەبدوڵای ئوردونە. ئەویش قسە ناكات، تابزانرێت لە كۆتاییدا چی ڕوودەدات. بەڵام وەك گریمانەیەكی سیاسیی تەنها شتێك بۆ كورد گرنگ بێت، ئەوەیە بۆ یەكجار لە شەڕەگەورەكانی ڕۆژهەڵاتدا تێوەنەگلێت و لە كۆتایی چیرۆكەكەدا، ئامانج و بەرهەمی خۆی بەدەست بهێنێت.(كورد چۆن بیردەكاتەوە لە كۆتایی چیرۆكەكە؟ تەنها تەماشای ئاسمانەكەی دەكات، كە بووە بە ڕووبەڕی شەڕی دوو هێز، یان بە هاوكاری دۆستەكانی و ژیریەتی خۆی، پڕۆژەیەكی هەیە بۆ داهاتووی خاك و گەلەكەی؟)
                                                                   نەبەز گۆران