لە چەند ڕۆژی داھاتوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان دووەم دیداری خۆی لەژێر دروشمی (دیدگایەکی نوێ، بەھێزی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاری) ساز دەکات و لە شاری موسڵەوە دیدار دەست بەکارەکانی دەکات، لە ڕاستیدا من نامەوێ لێرە بچمەوە سەر مێژووی ئەو حزبەو چۆنیەتی دروست بوونی و شێوازی خەبات و بەڕێوبردن و قۆناغە ھەستیارەکانی پێدا تێپەڕیوە، چونکە لای زۆربەمان ئەو مێژووە بەیان کراوە، لێرە ئەوەی گرنگە تیشکی بخرێتە سەرو قسەی جیدی لە بارەوە بکرێت، ئەوەیە : ( بۆچی یەکێتی دیدار سازدەکات) ! ئامانج لەو دیدارە چیە؟ ئایا دیدار دەتوانێت چ جۆرە گۆڕانکارییەک لە بەرنامەو دیدی یەکێتی دروست بکات بۆ دۆخی ئێستای خۆی وەکو حزب و ھەروەھا تێڕوانین و ستراتیژی ئەو حزبە بۆ کۆی ڕووداوو پێشھاتەکان بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی چۆن دەبێت؟
دیارە دوابەدوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنج و نوسینەوەو داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ حزب (لە مادەی ٢٠) ی پەیڕەوەی ناوخۆی یەکێتی دا بە پێنج خاڵ دیداری گشتی یەکێکە لەو کارانەی کە لەناو پەیڕەوا ھاتووە و پەسەندکراوە (یەکێتی ساڵانە پەیڕەو ئەنجامدەدات) و سەرجەم ئۆرگان و دەزگاکانی ناو حزب و کادرو ھەوادارو پشتیوانانی ئەو حزبە بە پێشنیارو ڕەخنەو سەرنجەکانیان بەشداردەبن، واتە ڕوئیای کادر بۆ کۆی پرسەکان و لە سەرجەم بوارەکاندا و گەڵاڵە دەکرێن، لە دیداری ڕابردوو کە لە ( ١٢ ئازاری ساڵی ٢٠٢٢ سازکرا) ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کادرو جەماوەر بەشدارییان کردوو چەندین لیژنەی جۆراوجۆر پێک ھێنران (کە ژمارەیان ١٤ لیژنە بوون)، دواجار ڕاسپاردەکانی دیدار ڕادەستی لیژنەی باڵای دیدارکران، بەشێکی ئەو ڕاسپاردانە لە کاروچالاکییەکانی ئۆرگانەکاندا ڕەنگی دایەوەو تا ئاستێکی باش ھەستکردن بە بە کردارکردنی ڕاسپاردەکان دەکرا، بەو پێیە زۆرترین بۆچون و ڕاو ڕەخنەو سەرنجیان لە خۆیان گرتبوو، چونکە ڕەخنە باشترین چەمک و ئامرازە بۆ ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو دەستنیشان کردنی ھەڵەکانی تێکستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیرییە.
دیداری ئەم جارە پێویستە جیاوازتر بێت ( بۆ؟)، چونکە دیداری دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاری گەورە لە حزب و (دوای کۆنگرەی پێنج) و پاش ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان (کەرکوک) بە تایبەتی کە یەکێتی توانی سەرکەوتنی گەورە تۆماربکات، جارێکی تر توانی بیسەلمێنێ کە کەرکوک و جەماوەرەکەی ڕویان لە حزبی شەھیدانە، دواتر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە جارێکی تر لەوێش یەکێتی توانی گۆڕانێکی ئەوتۆ بکات لە ژمارەی کورسی و ڕێژەی دەنگەکانی زیاتربکات لە زۆربەی ناوچەو دەڤەرو شارە گەورەکانیش، ئەمە سەرباری ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی بەردەوام لە عێراق و ناوچەکە ڕوودەدەن و ھاتنە پێشەوەی قەزییەی (کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان) کە یەکێکە لە بابەت ھەر گرنگ و چارەنووسسازەکان بۆ گەلی کورد بەگشتی، چونکە وا چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە کورد بگات بە بەشێک لەئامانجە گەورەکانی خەباتی بۆ دەکات، ئەم ڕووداوە گرنگ و ھەستیارانە وامان لێدەکات کە بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دیداری ئەم جارە بکرێت، چونکە دیدار دەبێت ڕوئیایەکی گشتگیر ترو ڕونتر بۆ یەکێتی دابڕێژێت و ستراتیژی کاری حزبی بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەردا بێت کە لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە خۆی بگونجێنێت و بڕوات، بەو پێیەی گۆڕانکاری و پێشھاتە خێراکانی جیھان دەریدەخەن کە جیھان بەگشتی بەرەو داڕشتنەوەی ھاوسەنگییەکانی ھێز ھەنگاو دەنێت، بەپێی سروشتی گەشەکردنی سیاسی و ئاڕاستەکردنی ناوەندە ھەژموندارەکانی جیھان لە ڕووی ھۆکارو پاڵنەرە سیاسیەکان و دامەزراوەکان شێوەو کاریگەری کارلێکی سیاسیانەوە، بۆیە گرنگە ستراتیژیەتی سیاسی گۆڕانی بەسەردا بێت. واتا گرنگە ئاکارو مۆڕاڵی سیاسی ھەر پارت قەوارەیەکی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا بێت و گونجان وسازان بکاتە بنچینەی بەدیھێنانی ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان. بۆیە دیداری یەکێتی لەم سەردەمەدا دەبێت جیاوازتر بێت، سیاسەت و گۆڕانکاری سیاسی حزب بە ئاڕاستەی بەدی ھێنانی ئامانجی گەورەتربێت . خۆڕێکخستنەوە و خۆسازدانەوە و خۆئامادەکردن سێ پایەی گرنگی دیداربێت (چێ بکەین؟ چۆن بکەین) دوو پرسیاری جەوھەری دیداربن!
-یەکێتی و سیاسەتی ئیقلیمی .
– یەکێتی دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان .
– یەکێتی و پێگەی لە حکومەتی داھاتووی کوردستان .
– یەکێتی و مامەڵەی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی .
– یەکێتی و حزبە کوردستانییەکان