چەند بە ئازارە ببینیت ئەفسەرێک کۆتایی بەژیانی خۆی دێنێت،لەوە بەئازارتر هۆکاری کردەوەکەیە، کە بێ پارەیی و قەرزارییە، ئاخر دەبێ چ خەمێک لەو دڵەیدا قەتیس بووبێت و دڵی بێت دوو جگەرگۆشەکەی جێبهێڵێت...
حکومەتی هەرێم بەرپرسانی ووڵات، دەزانن ئەو کەسەی ڕۆیشتووە، ئەفسەرە ئەفسەر یاساناسە، کە لە جیهاندا بەڕێزەوە بۆی دەوەستن، بەڵام لای ئێمە نە هەڵۆکەی شانی و نە یاسا ناسییەکەی هیچی بۆ نەکرد، چونکە لێرە هەڵۆکان هیلاک کراون، هەڵۆش ناتوانێت سەرشۆڕ بژیت، بۆیە کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت، ئاخر ئەوە کەی ژیانە بۆ شوقەیەک بۆ خانوویەک بکەویتە ژێر قەرزەوە، نا ئازیزانم ژیان کێشەی نیە، کێشەکە ئێوەن کە دە ساڵی ڕێکە هەڵۆکانت لاواز کردووە کە ناچارە بۆ پاروویەک نان هەزار ناسۆر بکێشێت.
ئەزانم نە مەرگی هەڵۆکان و نەمەرگی گەنجەکانمان و نەمەرگی کەس ڕاتان ناچڵەکێنێت، چونکە ئێوە مەستی ژیانە پڕ لە شاهانەکەی خۆتانن، کە ساردو گەرمیتان نەچەشتووە.
حکومەت کەی بەخەبەر دێیت کەی مەرگە ناسۆرەکان ڕاتدەچڵەکێنێت، ئێستا نەهەژماری ئێوە و نە بودجەی کەناڵە شین و مۆرەکان فرمێسکی منداڵەکانی ناسڕێتەوە، بۆخۆتان تا ئێوەرە شەڕی بودجەو مافە ڕەواکانمان بکەن،لای ئەوان یەک پولی قەڵب ناهێنێت.
حکومەت با لە شتێکی دیکە ئاگادارت بکەمەوە منیش ئەفسەرم هەڵۆیەک و ئەستێرەیەک لەسەر شانمە، بەڵام نەک ژیانیان ئاسان نەکردووم، بەڵکو تەواو قورسیان کردووە، کە نە کارێکم بۆ دەکرێت و نەدەتوانم دەستبەرداریان بم، منداڵەکانیش جگە لە داهاتوویەکی باش هیچیدیکە بۆیان گرنگ نیە،منیش وەک باوکێک دۆشداماوم بەدیار قەدەری پڕ لە ئازارەوە، هۆۆۆۆ حکومەت تێبگە وا ئەفسەرەکانت دەمرن، وا بێناز کەووتون، وا قەڵاکەت دەڕوخێت،کەی ئاوڕێک لە هەڵۆکان دەدەیتەوە، کەی ئەم سزایە بێ پاساوە هەڵدەگریت، کەی مووچە ئازاد دەکەیت، خۆ حوکمی ئەبەدیت نەداوە بەسەریدا، ئەگەر وا دەکەیت، چاوەڕێی مەرگی هەڵۆکانی دیکە بە!!.