(دۆناڵد ترەمپ) لە حزبی کۆماریەکان، بوو بە سەرۆکی ئەمریکا؛ بەڵام دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و سیناتی (هەندێک ویلایەت و واشنتۆنی پایتەخت) بردیانەوە.
سەرۆکی ئەمریکا داڕێژەری (سیاسەتی دەرەوە و سوپا و ئابوری)یە بە گشتی، بەڵام بۆی نیە دەستوەردان بکات لە (بودجە و شێوازی بەڕێوەبردنی) ویلایەتەکاندا.
ئەو ویلایەتانەی دیموکراتەکان سەرکەوتوون، دیموکراتەکان حکومڕانن؛ ئەو ویلایەتانەی کۆماریەکان سەرکەوتوون، کۆماریەکان حکومڕانن.
لەوانەیە دەنگدەرێک، بۆ سیاسەتی دەرەوە و ڕێژەی باج (ترەمپ) پەسەند بکات، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی ویلایەتەکەی (دیموکراتەکان)ی بەدڵ بێت، بۆیە دەتوانێت دوو دەنگی پێچەوانە بدات لە هەمان کاتدا.
بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، (پارتی) بە دەنگی ساختەی (دهۆک)، حوکمی (سلێمانی) ئەکات.
ئینجا، چۆن حوکمێک؟!!!
دژایەتی و ڕێگریکردن لە (پرۆژە و پێشکەوتن)
بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ لە ڕێی (میدیا نەوتاویەکان)
نانەوەی ئاژاوە لە ڕێی پڕچەککردنی کۆمەڵێک (بازرگانی جەنگ و حزبی بچوکەوە)
دواجار داپۆشینی ئەم خەوشانە، بە پەردەی (کوردایەتی و خۆناچەمێنین)
بە کورتی، ئەگەر لایەنەکانی تر چەند وەزارەتێکیش وەربگرن بەهای نیە، چونکە لە ژێر هەژموونی پارتیدان لە هەولێر و دەسەڵاتیان سنوردارە.
پارتی کێشەی نیە چەند وەزارەت بدات بە لایەنەکان، چونکە یەکەم، هەوڵئەدات بەو پارە زۆرەی نەوت کە دەستی کەوتووە بیانکڕێت، یان لانی کەم بێدەنگ و دەستەمۆیان بکات.
دووهەم، دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای خۆیانە؛ لە پاسەوانی وەزارەتەکانەوە بیگرە، سەر بە پارتی و پاراستنن و دەبێت خەڵک بە بێژنگی ئەواندا بچێتە ژورێ، هەتا دەگاتە زۆرینەی جومگە هەستیارەکانی ناو وەزارەتەکان. سەرەنجام وەزیرەکە دەبێتە ژێردەستەی پارتی و جێبەجێکاری بڕیارەکانی ئەوان.
لایەنەکانی ئەم دەڤەرە، بەتایبەتی (یەکێتی)، ئەگەر دەیانەوێت باڵانسی هێز و ڕێڕەوی حکومڕانی ڕاست بکەنەوە، پێویستە لە جیاتی شەڕی وەرگرتنی چەند (وەزارەت و پۆستێک)، هەوڵی گەڕاندنەوەی (داهات و دەسەڵات) بدەن بۆ ئەم زۆنە ستەملێکراوە.
کاتی هاتووە، هاوشێوەی (ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا) سیستەمێکی فیدرالی پەیڕەو بکرێت؛ کە دەستی زوڵمی حزبێک ئەبڕێتەوە لەسەر ناوچەکانی تر؛ هەروەها دەبێتە بناغەی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.