پارتی لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ دا، نزیکەی (٥٨٠ هەزار) دەنگی هەبووە.
لەم هەڵبژاردنەی ساڵی ٢٠٢٤ دا، نزیکەی (٨١٠ هەزار) هەزار دەنگی هێناوە.
واتە لە ماوەی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردنەدا، پارتی (٢٣٠ هەزار) دەنگ زیادی کردوە؟!
لە کاتێکدا لەم ٣ ساڵەدا، پارتی بەردەوام بووە لە تاڵانکردنی نەوت و گازی هەرێم و ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا و بڕینی مووچەی خەڵک لە ڕێی هەژماری منەوە.
سەرەنجام ناڕەزایەتی خەڵک لە لوتکەدا بووە. تەنانەت لەم دواییانەدا ناڕەزایەتی پەڕیەوە بۆ هەولێری پایتەخت، لە کاتێکدا هەمیشە (هەولێر) دۆخی ئابوری باشتر بووە لە (سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین).
ئەمە جگە لەوەی نزیکەی (٤٥٠ هەزار) ئاوارەی سوریا و ناوچەکانی تری عێراق خراونەتە دەرەوەی بازنەی دەنگدان.
هیچ لۆجیکێک ڕێگە بەوە نادات، پارتێک کە هۆکاری ئەم هەموو نەهامەتیە بێت، (٢٣٠ هەزار) دەنگ زیاد بکات لە ماوەی ٣ ساڵدا؟!
چوونی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا و بەدەستهێنانی (٤٠٠ هەزار) دەنگ تەنها لە پارێزگای دهۆک، بەڕاستی جێی گومانە؟!
(پارتی و بنەماڵە) دهۆکیان کردووە بە ناوچەیەکی داخراو و مسۆگەر بۆ خۆیان و چەندین ساڵە ساختە و پێشێلکاری تیادەکەن، و کەس ناوێرێت باسی بکات. هەر کەسێک دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبکاتەوە، بە بیانوی سیخوریکردن بۆ هێزێکی باکوری کوردستان، دەیخەنە زیندانەوە. بۆیە تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا بە زیادەوە پاداشتی دانەوە.
بەڵام سەیرەکە لەوەدایە، کە چەند لایەنێک ئەنجامەکەیان قبوڵ کردووە؟! کە پارتێک ساختەکاری هەڵبژاردنی کرد و بۆی چوەسەر، دەتوانێت نەک تەنها لە (چین)، بەڵکو لە (چین و هندستان)یشی بباتەوە.
ئەمە جگە لەوەی، هەست دەکرێت کە دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە چەند لایەنێک سەندرابێتەوە و درابێت بە (ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەی دروستکراو).
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی (التغیر) کە (کاک جوتیار ڕەشید) کردویەتی بە کوردی؛ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ٦٠ هەزار ئامێری دەنگدانیان کڕیوە، بە بەهای ١٣٥ ملیۆن دۆلار.
ئەم ئامێرانەی کە دەنگدانیان پێئەنجامدراوە لە هەرێمی کوردستان، پێشتر لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی (کۆنگۆ و ئەرجەنتیندا) بەکارهاتوون و شکستیان هێناوە و ئەنجامەکەیان ڕەتکراوەتەوە. ئامێرەکان پشت بە بەرنامەیەکی کۆنی (ئاندرۆید) دەبەستن، کە بە ئاسانی دزەدەکرێتە ناویان و کۆنتڕۆل دەکرێن و دەتوانرێت یاری بە ئەنجامەکانیان بکرێت.
وەک چۆن (تورکیا و ئیمارات) لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراقدا، ساختەکاریەکی بێشوماریان بۆ (پارتی و سەدر و حەلبوسی) کرد. ئەمجارەش هەمان شت بۆ (پارتی و ئۆپۆزسیۆنێکی ساختە) کرا؛ بۆ ئەوەی هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆن سەر بە خۆیان بێت.
پیلانەکەی (پارتی) ڕونە؛ دەیانەوێت (یەکێتی) بە لاوازی و ملکەچی بەرنەوە ناو حکومەت و بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، تووشی شکستی بکەن. مەبەستیانە دواجار لە گۆڕەپانەکەدا، یەک حزب و کۆمەڵێک دووکانی سیاسی بمێننەوە. بۆیە قبوڵکردنی ئەم ئەنجامە هەڵەیەکی ستراتیژیە.
لە دەڤەری (سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین) دا (١.١٥ملیۆن) دەنگدەر هەیە؛ پارتی تەنها (٦٣ هەزار) دەنگی تێدا هێناوە؛ واتە متمانەی (٥٪ی دەنگدەران) ی ئەم دەڤەرەی بەدەستهێناوە. ئایا دەکرێت لایەنێک بە دەنگی ساختەی دهۆک، خۆی بەسەر ئەم ناوچەیەدا بسەپێنێت و بە زۆرەملێ حوکمی بکات؟!
ئەگەر وای دابنێین پارتی ساختەی نەکردووە، ئەمە ئەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە زۆرینەی خەڵکی (دەڤەری سلێمانی)، پارتیان قبوڵ نیە و دەنگی نادەنێ، کەوابێ ئایا ڕەوایە پارتی بە دەنگی دهۆک، حوکمی سلێمانی بکات؟! هەروەک چۆن ناڕەوایە کە یەکێتی بە دەنگی سلێمانی، حوکمی دهۆک بکات کە کەمینەیە تیایدا.
بەدەر لە مەسەلەی ساختەکاری، کێشەی سەرەکی ئەم هەرێمە (سیستەمی مەرکەزیە)، کە بۆتە کەرەستەیەک بۆ چەوساندنەوەی هاوڵاتیان؛ ئەگەر خەڵکی پارێزگایەک حزبێکیان نەوێت، هێشتا ئەو حزبە دەتوانێت بە دەنگی پارێزگایەکی تر، خۆی بەسەر پارێزگای ناڕازیدا بسەپێنێت و دەرگای پێشکەوتنی لێدابخات. ئەمە لە کوێی فەرهەنگی دیموکراسیدا جێی دەبێتەوە؟!
هەتا ئێمە خاوەنی ئەم (سیستەمە مەرکەزیە) ستەمکارە بین، دۆخمان لەمە باشتر نابێت. بۆیە باشترین چارەسەر پەیڕەوکردنی (فیدرالیەتی پارێزگاکانە)، یاخود دابەشکردنی داهات و دەسەڵاتە بەسەر هەموو پارێزگاکاندا بۆ ئەوەی هاوڵاتیان چۆن بە باشی دەزانن، بەو شێوەیە حوکمڕانی ناوچەکانی خۆیان بکەن. چیتر حزبێک نەتوانێت بە دەنگی ڕاستەقینە یان ساختەی پارێزگایەک، پارێزگایەکی تر بچەوسێنێتەوە.