دواجار پاش تێپەڕ بونی نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر دەرچونی بڕیاڕی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (٢١٢- فیدڕاڵی- ٢٠٢٢)[1] سەبارەت بە یاسای بەرکار بۆ خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، (حکومەتی هەرێم) رەزامەندیی دا بە جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارەی دادگا و هەموار کردنەوەی موچەی خانەنشینانی هەرێم بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی عێراق ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموار کراو[2]. سەرەتا نەمویست هیچ قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە بکەم، بەڵام دواتر بە هۆی زۆریی ئەو پرسیارانەی لە لایەن خانەنشینانی بەڕێزەوە ئاڕاستەمان ئەکرێت و، بە هۆی لێکدانەوەی جیاجیا و هەڵەی زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندن و تەنانەت لایەنە پەیوەندیدارە ئیدارییەکانیش بۆ چۆنییەتیی هەژمار کردنی موچەی خانەنشینی بەپێی یاسای ئاماژە پێدراو، بەپێویستم زانی لەڕێی ئەم بابەتەوە زانیاریی پێویست بۆ هەموان بخەمە ڕو.
هەڵبەت ئێستا کە ئیتر پرسەکانی پەیوەست بە موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بە حکومەتی فیدڕاڵیییەوە پەیوەست ئەبێتەوە، بڕیاڕی ئاماژەپێدراوی دادگای فیدڕاڵی پاڵپشتێکی باش ئەبێ بۆ دەستەبەر کردنی سەرجەم مافەکانی خانەنشینانی هەرێم هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق.
یەکەم: هەلومەرجی خانەنشینی و چەند رێسا و تێبینییەکی گشتی:
1. ئەم یاسایە یاسایەکی گشتگیرە بۆ هەمو جۆرەکانی خانەنشینیی مەدەنی و سەربازی و دادوەری و.. تاد و هەمو پۆست و پلە و ناونیشانە وەزیفییەکان (مادەی ٣)، تەنانەت رەچاوی خانەنشینیی فەرمانبەرە گرێبەستەکانیش کراوە تیایدا (مادەی ٢١- سیازدەیەم). هەر بۆیەش بەجێبەجێ کردنی ئەو پاشاگەردانییەی لە بواری خانەنسینی هەیە کۆتایی پێدێ و، بەشێکی زۆری گەندەڵی لەم بوارەدا و موچەی "بندیوار" کۆتایی پێئەهێنەت و، رێگری دروست ئەکات لە بونی دو موچە یان زیاتر بە گوێرەی (مادەی ٢١- یازدەیەم) لە یاسای ژمارە (٩) ی ساڵی ٢٠١٤ و، مادەی (١٠)ی یاسای ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو[3].
2. تەمەنی خانەنشینیی یاسایی ٦٠ ساڵە (مادەی ١٠- یەکەم هەموارکراو) و کەمترین خزمەت بۆ هەژمار کردنی خانەنشینی ١٥ ساڵە. بەڵام چەند توێژێک هەڵاوێرد کراون لە بەرزترین تەمەنی خانەنشینیی ناچاری وەک مامۆستایان زانکۆ (پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، هەندێک تایبەتمەندیی تایبەتی پزیشکی ...) کە ئەمانە لە تەمەنی (٦٣) ساڵی خانەنشین ئەکرێن جگە لە زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری پلەیەکی شەهیدان کە لە تەمەنی ٦٥ ساڵی خانەنشین ئەکرێن (مادە ٢- یەکەم و دوەم یاسای ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو). هەڵبەت ئەو فەرمانبەرانەش کە تەمەنیان گەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی و لە ١٥ ساڵ خزمەتیان کەمترە، پاداشتێکی کۆتایی خزمەت (مادەی ٢٢) یان موچەیەکی مانگانەی خانەنشینیی بڕاوە (مقطوع)یان بۆ رەچاو کراوە (مادەی ٢١- شەشەم). لە هەمان کاتدا هەر فەرمانبەرێک تەمەنی گەیشتە ٤٥ ساڵ و ١٥ ساڵ خزمەتی هەبو ئەتوانێ بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە داوای خانەنشینی بکات (مادەی ٢١- یەکەم).
3. لەم یاسایەدا و لە کاتی دەنگدان لەسەری لە خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤، خانەنشینیی تایبەت بۆ خاوەن پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران و پەرلەمانتار و وەزیر و راوێژکاران زیاد کرا[4]. بەڵام دواتر بە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی (٣٦- فیدڕاڵی- ٢٠١٤)[5] ئەو بەند و مادانەی پەیوەندیدارن بە خانەنشینیی ئەوانەی باس کران هەڵوەشێنرانەوە. هەر بۆیەش ئێستا ئەوانیش وەک هەر خانەنشینێکی ئاسایی و بە هەمان مەرج و هاوکێشە خانەنشین ئەبن و ئەمەش دادپەروەری لە موچەی خانەنشینان دەستەبەر ئەکات. بەڵام چەند توێژێکی وەک (فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا، دادوەر، داواکاری گشتی، باڵیۆز، بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان) لەبەر تایبەتمەندیی پسپۆڕی و کارەکانیان خانەنشینیی تایبەتیان بۆ رەچاو کراوە (مادە ٣٥- چوارەم تا هەشتەم).
4. لانی کەمی موچەی خانەنشینی بەپێی ئەم یاسایە (٥٠٠,٠٠٠) دینارە (مادە ٢١- چوارەمی هەموار کراو). هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەتوانێ بەگوێرەی رێژەی هەڵاوسان (مادەی ٣٦)، ئێستا بەپێی ئەم مادەیەی دوایی حکومەتی فیدڕاڵی (١٠٠,٠٠٠) دیناری دیکەی بۆ موچە نزمەکانی خانەنشینان زیاد کردوە.
5. ئەم یاسایە ئەو خانەنشینانەش ئەگرێتەوە کە پێش ساڵی ٢٠١٤ خانەنشین بون و پێویستە موچەی خانەنشینییەکەیان بەپێی ئەو هاوکێشەیەی لەم یاسایەدا هاتوە هەموار بکرێتەوە (مادە ٣٥- سێیەم). هەروەها بەپێی مادەی (٣٧- یەکەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی[6] لە رۆژی (٢٣- ١١- ٢٠٢٢)ەوەوە (کە رۆژی دەرچونی بڕیاڕی دادگایە سەبارەت بە یاسای بەرکار بۆ موچەی خانەنشینانی هەرێم)، سەرجەم خانەنشینانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی موچەکانیانن بەو شێوەیەی کە لە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ دا هاتوە و پێویستە قەرەبوی ئەو ماوەیە بکرێنەوە.
دووەم: هاوکێشەی هەژماری خانەنشینی
هەژمار کردنی موچەی خانەنشینی بەپێی ئەم یاسایە رێژەیەکی دیاریکراو نییە لە دوا موچە وەک یاساکانی پێشو، بەڵکو هاوکێشەیەکی چەند قۆناغییە کە تیایدا رەچاوی موچەی بنەڕەتی و دەڕماڵەی ژیان و دەرماڵەی بڕوانامە کراوە و، هەوڵ ئەدەین بەچەند خاڵێک رونی بکەینەوە:
1. بۆ هەمو ئەوانەی کە تەمەنیان لە ٤٥ ساڵ زیاترە و لە ١٥ ساڵ زیاتر خزمەتیان هەیە (مادەی ٢١- دووەم):، موچەی "بنەڕەتی"ی خانەنشینییان بریتییە لە
موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X)= تێکڕای موچە (معدل الراتب) * ساڵانی خزمەت * 2.5 \ (دابەشی) ١٠٠.
لەم هاوکێشەیەدا تێکڕای موچە (معدل الراتب) بریتییە لە (کۆی دوا ٣٦ مانگی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر "بەبێ هەژمارکردنی دەرماڵەکان" \ دابەشی ٣٦) (مادەی ١- شازدەیەم و هەڤدەیەم).
2. دەرماڵەی بژێوی (مخصصات المعيشة) کە بریتییە لە ١%ی موچەی خانەنشینی "بنەڕەتیی" (X) بۆ هەر ساڵێکی خزمەت (مادەی ٣٥- نۆیەم).
واتە دەرماڵەی بژێوی (Y)= ١ * موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X) * ساڵانی خزمەت \ (دابەشی) ١٠٠.
3. دەرماڵەی بڕوانامە (Z) کە بریتییە لە رێژەیەکی سەدی لە موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X) (مادەی ٣٥- دەیەم) بەم شێوەیە:
- دیبلۆم (٥%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی.
- بەکالۆریۆس: (١٠%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی .
- دیبلۆمی باڵا و ماجستێر: (١٥%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی .
- دکتۆرا: (٢٠%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی.
واتە دەرماڵەی بڕوانامە (Z)= (رێژەی هەر دەرماڵەیەکی بڕوانامە\ دابەشی ١٠٠) * موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X).
4. کۆی موچەی خانەنشینی بۆ هەر خانەنشینێک بریتییە لە کۆکردنەوەی ئەو سێ قۆناغەی پێشو. واتە:
کۆی موچەی خانەنشینی= موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X) + دەرماڵەی بژێوی (Y) + دەرماڵەی بڕوانامە (Z).
5. هەر فەرمانبەرێک ٢٥ ساڵ خزمەتی هەبێت ئەوا سەرەڕای مەچەی مانگانەی خانەنشینی، پاداشتی کۆتایی خزمەتیشی پێدەدرێت کە بریتتە لە ١٢ موچەی تەواو (واتە ١٢ * بڕی دوا موچە کە لە وەزیفە وەریگرتوە بە موچەی بنەڕەتی و سەرجەم دەرماڵەکانی) (مادەی ٢١- نۆیەم).
6. خانەنشین ئەتوانێت پەڵپ (اعتراض) بگرێت لە بڕیاڕی هەژمارکردنی خانەنشینییەکەی لە ماوەی (٩٠) رۆژ لە پێڕاگەیاندنی بڕی موچەکەی لە بەردەم (ئەنجومەنی وردبینیی پرسەکانی خانەنشینان) کە بەپێی بە مادەکانی (٢٩ و ٣٠)ی یاساکە دروست کراوە بۆ روانین لە تانەکان و، بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنەش شیاوی تانە لێدانن لەبەردەم دادگای پێداچونەوەی فیدڕاڵی لە ماوەی ٦٠ رۆژدا.
لە کۆتاییدا هیوادارم لایەنە پەووەندیدارەکانی هەرێم لە جێبەجێ کردنی ئەم یاسایەدا بە ئینسافەوە کار بۆ دەستەبەر کردنی سەرجەم مافەکانی خانەنشینانی شایستەی هەرێم بکەن هاوشێوەی سەرجەم ناوچەکانی تری عێراق و، نەیانکەنە قوربانی خانەنشینی نایاسایی وناشایستە و ناڕاست. هەڵبەت حکومەتی فیدڕاڵ کۆمەڵێک ئاسانکاری و ئیمتیازی دیکەی بۆ خانەنشینان رەخساندوە لە بواری سەفەر و تەندروستی و شێوازی پێدانی موچەکانیان کە دەکرێ کار بۆ جێبەجێ کردنی ئەمانەش بکرێ.
لەوانەیە بە هۆی نەبونی سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردو، پرسی چۆنییەتی پارەدار کردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم ببێتە کێشە لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ. ئەکرێ خانەنشینانی هەرێم هاوشێوەی ئەوانەی پێش (١- ١- ٢٠٠٨) خانەنشین بون مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ کە بەپێی مادەی (٣٢- دووەم- أ)ی یاساکە موچەکانیان لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە سەرف ئەکرێ و، بۆ لەمەودواش لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە سندوقی خانەنشینی عێراق و بەو پێیەش بۆ داهاتو فەرمانبەران لەڕێی ئەو سندوقەوە خانەنشین بکرێن.