ئارێز عەبدوڵا، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاگەیاند: ئەو تۆمەتانەی کە پارتی بە ئاشکرا و بێ گوێدانە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیە گشتییەکانی گەلەکەمکان دەیانخاتە پاڵ یەکێتی و ئیدارەی سنووری پارێزگای سلێمانی خزمەتکردنێکی بێبەرامبەرە بە دوژمنانی گەلی کورد، لە کاتێکدا پارتی لەڕێگەی دەزگایەکی فەرمی زمانحاڵی خۆیەوە ئەو تۆمەتانە ئاراستەی یەکێتی و ئیدارەی سلێمانی بکات ئەمە کارەساتە کە خۆیشی دەزانیت ئەوەی وتراوە ناڕاستە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی دەوترێت چەکداری پەکەکە لە سلێمانی ھەن و ڕاھێنانیان پێدەکرێت درۆیەکی شاخدارە، بەڵام دەکرێت لایەنگرێکی ئەو حزبە لە سلێمانی ھەبیت ھەروەک لە ھەولێر و دھۆک و ئەنقەرە و ھەموو دنیاش لایەنگر ھەر ھەبووە و دەبێت، چونکە پەکەکە حزبێکی ئایدۆلۆژییە و لەسەرتاسەری دنیا لایەنگریان ھەیە، بۆیە ئەمە ناکاتە ئەوەی لە سلێمانی ھەبن و لەھەولێر و دھۆک بوونیان نەبێت.
ئەو چاودێرەی سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو، پارتی بەم کارانەی دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان دەوەستێتەوە و لەھەمان کاتیشدا بیانوو دەداتە بە تورکیا بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە ھێرشکردنە سەر سنووری سلێمانی و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان، ھاوکات ئەم جۆرە سیاسەتەی پارتی دەبێتە ھۆی تۆخکردنەوەی جیاوازیکردن لە نێوان ھەولێر و سلێمانی و دروستکردنی دووبەرەکی زیاتر لە پێناو بەرژەوەندی تورکیا.