ئەلەند مەحوی
سەرەڕای ئاڵنگارییە ناوخۆیی و ھەرێمییەکان، عێراق بە سەردەمێکی نوێدا تێدەپەڕێت، عێراقی نوێ بەو حکومڕانیە نوێیە دەڵێم، کە لەسەر دەستی محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران دەستی پێکردووە، ئەم عێراقە وڵاتێکە دەیەوێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و کێشە گەورەکان چارەسەر بکات.
کابینەکانی پێشووی عێراق جیاوازبوون لەم کابینەیەی ئێستا، ھەندێک لەوان سەرقاڵی بەھێزکردنی میلیشیا و ھەندێکیان سەرقاڵی رازیکردنی مەزھەب و ھەندێکیشیان لە ناو شەڕی داعش و گەندەڵی و ململانێی ناوخۆیدا غەرق بوون.
رۆژانێک بوو پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک بوون، کە بە عێراقەکەی دی ناوی دەھێنرا، تەنانەت باس لەوە دەکرا چۆن ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ عێراق، بەڵام ئەو سەردەمە بەھۆی ململانێکانی پارتی و یەکێتی و گەندەڵی و ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە لەبارچوو، ئێستا عێراق لە گەشتێکدایە کە ھەرێمی کوردستانی سەدان کم بەجێھێشتووە.
محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانێکی جیاوازە، ئەو توانیوتەتی ھاوسەنگی لە نێوان ئەمریکا و ئێران رابگرێت، بە چەشنێک ھەردووکیان بە قازانجی عێراق بەکاربھێنێت، لە ناوخۆ شیعەکان کابینەکەی دەپارێزن و لە دەرەوەش ئەمریکا مامەڵەی تەواوی لەگەڵ دەکات و بەرامبەر چەندین مەرجی قورس دەیپارێزێت.
کابینەکەی سودانی کاری لەسەر چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان کردووە، وەک بوژانەوەی ژێرخانی ستراتیجی ئابووری وڵات، دابینکردنی کارەبا، دابینکردنی سوتەمەنی، چاکسازی بانکی و دابینکردنی دۆلارو...، لەم رووەوە ھەنگاوی زۆر گەورەی ناوە و بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، نیشاندەرەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە سودانی لە کڕینی فڕۆکەی نوێ و چەکی نوێ و چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەگەڵ تورکیاش ھەنگاوی جدی ناوە و بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنیان دەڕوات.
سیاسەتی ئەم کابینەیە روونە، چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان ناگۆڕێتەوە بە بەربەستە بچووکەکان، ئەم کابینەیە ئامادەیە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بدات، تەنانەت رەنگە نەوتی ھەرێمی کوردستانیش ھەناردە بکات، بەڵام ناھێڵێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ھەبێت.
سودانی ئامادەیە دڵی تورکیا رازی بکات لە بارەی چەککردنی (پەکەکە)، بەو مەرجەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بێ ئاو نەبن، ئامادەیە چاکسازی بانکی بکات و دۆلار لە بانکەکانەوە نەنێردرێت بۆ ئێران، بەو مەرجەی دۆلاری کاشی لە ئەمریکاوە بە بەردەوامی پێبگات و بڕەکەی زیاد بکرێت.
کەس گومانی لەوە نییە عێراق وڵاتێکی گەندەڵە، بەڵام ھیچ کەس ناوی سودانی و کابینەکەی وەک شەخێ و وەک کابینە بە حکومڕانیەکی گەندەڵ ناھێنێت، ئەمەش بۆ خۆی گرنگە و بەو مانایە دەخوێندرێتەوە کە سودانی گڵۆپی سووری بۆ گەندەڵی لە کابینەکەیدا ھەڵکردووە.
ئەم سەردەمە نوێیەی عێراق دەتوانین بەجۆرێک وێنا بکەین کە سەردەمێکە عێراق داھات زیاد دەکات و چاکسازی دەکات و سیستمی بەرگری و سەربازی بەھێز دەکات، ھەوڵی جدی دەدات خزمەتگوزاریەکان بە باشی دەستەبەر بکات و کێشەی ئاو و کارەبا چارەسەر بکات، ھەروەھا لە رووی دیبلۆماسیشەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان بەھێز دەکات.
لە راستیدا ھەموو ئەوانەش کە بەدەستھاتوون، یان چاوەڕوان دەکرێت بەدەستبھێنرێن، دەستکەوتی سەرۆک وەزیران سودانی نین، رەنگە سودانی چانسی ھەبووبێت کە لەسەردەمی حکومڕانی ئەودا موقتەدا سەدر لە کاروباری سیاسی دوورکەوتووەتەوە و ھەموو رۆژێک شەقامەکانی بەغدا پڕ ناکات لە خۆپیشاندەری توڕە.
ئەو سەرۆک وەزیرانێکە چانسی ئەوەی ھەبوو ئێران و ئەمریکا ھەردووکیان لەسەری ھاوڕابوون، چانسی ئەوەی ھەبوو لە ماوەی حکومڕانیەکەیدا نرخی نەوت لە بەرزیدا مایەوە، چانسی ئەوەی ھەبوو بەبێ ئەوەی ھیچ بۆ ھەرێمی کوردستان بکات، لە لایەن مەسعود بارزانی و نێچیراڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانییەوە پشتوانی دەکرێت، دەیان و سەدان چانسی دیکەش.
ھێشتا مەترسی و نەنگی زۆریش لەبەردەم کابینەکەی سودانی بوونی ماوە، بەزاندنی خاک و ئاسمان عێراق لە لایەن ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل و میلیشیاکانەوە، لەسەرەوەی ئەو کێشانەدان تا ئێستا بە حکومەتی عێراق چارەسەرنەکراوە، کە ئەمە بەو مانایە دێت کە سیادەی عێراق شکێنراوە و پێشێلکراوە. سودانی لەم رووەوە زۆر ھەست بە ئیحراجی دەکات، بەڵام زۆر بەڕاشکاوانە لەگەڵ ئێران و ئەمریکا دەدوێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە و رێزگرتن لە سیادەی عێراق.
ئەوەش روونە کە سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا لە ھەفتەی رابردوودا، نەیتوانی ئەمریکا رازی بکات بە کشانەوەی ھێزەکانیان لەسەر خاکی عێراق، ئەمەش ئەو داواکارییەیە ھەموو رۆژێک میلیشیاکانی شیعە لە حکومەتی عێراقی دەکەن.
تەنھا ھێرشەکانی (حزب اللە عێراق) بۆ سەر سوپای ئەمریکا بەسە بۆ ئەوەی ھەموو ریسەکەی سودانی ببێتەوە بە خوری، چونکە لە سەردانەکەیدا بۆ واشتن، بەرپرسانی ئەو وڵاتە زۆر بە روونی بە سودانیان وتووە "پێویستە رێگربیت لە ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بوێربیت بەرامبەر بە حزب اللە لە عێراق".
دەستکەوتەکانی سودانی زۆرن، بەڵام ئاڵنگارییەکان قورسترن، ئەگەر محەمەد شیاع سودانی بەردەوام بێت لە ھەنگاوەکانی سەرکەوتنی، زاڵ بێت بەسەر بەربەستەکاندا، دەرفەتێکی زێڕین چاوەڕوانی دەکات، لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عیراق، کە ئەمەش بۆ خۆی مەترسیە بۆ سەر نوری مالیکی.
سوودانی زۆر باش لەوە تێگەیشتووە کە ھەر تووڕە کردنێکی ئێران یان ئەمریکا، رەنگە کۆتایی بە حکومڕانیەکەی بھێنێت، ھەربۆیە ئەوپەڕی دیبلۆماسیەتی خۆی بەکاردەھێنێت، بۆ بەردەوامیدان بەو ھاوسەنگیەی کە لە نێوان ئەو دوو زلھێزەدا لە ناو عیراق دروستی کردووە.