X
مەلا مەزھەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

پارتی و هەڵوێست، دیمەنێکی سەرنجڕاکێش

نەبەز گۆران

ئەوەی لە پەڕلەمانی _عێراق_ ڕوویدا، پێویستی بە خۆشێواند نەبوو، جوڵەیەکی سیاسیی ئاسایی بوو لەناو پڕۆسەیەکی سیاسیدا.

ھێزی سیاسیی واتە، جوڵەی سیاسیی، ھێرشە میدیاییەکان و تەخوین کردن ئاماژەی باش نین بۆ کورد، چونکە خودی ململانێکە لەناو گۆڕەپانی ئەویتردایە. ئاماژەدان بۆئەوەی، ئەو ھێزە نوێیە_ڕەوتی ھەڵوێست_ دەستی شوێنێکی تری لەپشتە، ئاماژەیەکە ئاگای لە جەوھەری بڕیارەکان نییە و ھەمیشە وێنایەکی ئەویتری مەترسیدار، بۆ ھەموو جوڵەیەکی سیاسیی پیشان دەدات. بەبێ ئەوەی بە وردی بزانێت بڕیارەکە لە کوێوە دراوە! 

ئەو تێگەیشتنەی کە ناوماڵی کورد کۆک نین و بە مەترسیی دەزانێت، تێگەیشتنێکی میدیاییە نەک جەوگەری. کۆی ماڵەکانی ناو ڕووبەری سیاسیی عێراق، چ شیعە، چ سوننە، چ کورد، یەک بلۆک و یەک ئاڕاستە نییە و، ناکۆکبوونێک لە ئارادایە و ئەو ناکۆکبوونەش پەیوەندی بە دیدگای سیاسیی جیاوازەوە گەیە. دیدگای سیاسیی جیاوازیش مەترسی نییە بۆ کۆی پڕۆسەکە. بۆیە ترسان لە ناکۆکبوون، بەواتای کۆتایی ھاتن نییە بە ھێزی سیاسیی کورد لە ناوەند و مانای پەرتەوازەیش نییە، چونکە ھەمیشە ھێڵێک ھەیە لە سێبەردا بۆ پاراستنی بەھا گەورەکانی کورد لە ناوەند. ئەگەرچی پێویستبوو کورد بە بلۆکێکی سیاسییەوە لە سەر بنەمای، بەرگریکردن لە خاک، بەرگریکردن لە ئابووری گەرێم، بەرگریکردن لە ئاسایشی ھەرێم بچێتە ناوەند، بەڵام ھێشتا ئەم پڕۆژەیە کۆدەنگی سیاسیی لەسەر نییە و خەفە بووە.(گەرچی ھەوڵی بۆ دراوە.)

جوڵە سیاسییەکەی ڕەوتی ھەڵوێست لە پەڕلەمانی _عێراق_ پێویستە وەک ھەنگاوێک تەماشا بکرێت، کە کۆمەڵێک گەنج لەناو پڕۆسەی سیاسیدان و ھێز و وزەی سیاسیی خۆیان پیشان دەدەن، ئەمە نە واتای تێکدانی ماڵی کوردە، نە دژبوونە بە ھەرێم.

ھەر ھێزێکی سیاسیی لەناو پڕۆسەکەدا مافی خۆیەتی بە ئاڕاستەی بیرکردنەوەکانی خۆی جوڵە بکات. بۆ ئەوەی دیمەنەکە زۆر ڕوونتر بێت، نمونەی یاری _دۆمینە_ دەخەینە ڕوو. (یاری دۆمینە یارییەکی دێرینی کوردە، پەیوەندی بە کشتوکاڵ و ژمارەی بەرھەمھێنانەوە ھەیە، یارییەکی ئابووری و سیاسییە. لە ژمارە سفرەوە بۆ ژمارە دوانزەی تێدایە. کۆتایی یارییەکە کۆکردنەوەی بەرھەمە.

کەسی شارەزا کەسی براوەیە، ئیتر شارەزاکە لە کشتوکاڵدابێت یان لە سیاسەتدا، بەرھەمی خۆی دەچنێتەوە. کاتێک یاریزانەکە پولێک دادەبەزێت بۆ ئەوەیە، بزانێت بەرامبەرەکەی پەرچەکرداری چییە و چۆن دەستەکەی خۆی دەخاتە ڕوو.)
کتومت بیرۆکەی کاندیدی ڕەوتی ھەڵوێست لە پەڕلەمانی_عێراق_ لەو یارییەوە وەرگیرابوو. پولێکی دانا. بۆئەوەی بزانێت پەرچەکرداری ھێزەکانی بەرامبەری چییە.

پەرچەکردارەکان زۆربوون، فشارەکان زۆربوون. ھەوڵیش ھەبوو بۆ ئەوەی ھەردوو ڕووبەڕووبووەکە کارەکتەرەکەی خۆیان بکشێننەوە و یەکێکی دی بێتە شوێنیان، ھەوڵەکە ڕاگیرا، ڕاگیرانەکەشی بەھۆی نەبوونی متمانەوە ھەبوو لای ھەردوو لا. لە کۆتاییدا وەستان لە شوێنی خۆی لای ڕەوتەکە بوو بە بنەمایەک بۆ چیرۆکێکی تر و لای بەرامبەرەکەشی بە گۆڕینێک دیمەنەکە گۆڕا. بێگومان ئەشێت ئەمە ھەنگاوی یەکەم بێت و چەندین چیرۆکی دیکەی لەم جۆرە لە ناوەندا ڕووبدەنەوە.

بۆ ھێزە سیاسییەکانیش ئەم جوڵانە ناکرێت دوژمنکارانە لێی بڕوانرێت، بە پێچەوانەوە وەک کوردێک دەبێت تەماشای ھەموو ھێزە سیاسییەکان بکرێت و ڕووانینەکە بەو ئاڕاستەیەدا نەبرێت یەکتری بخەنە ناو بازنەی ئەویتری دوژمنەوە. 
گومانم نییە چیرۆکی تر بەڕێوەیە. ئەو چیرۆکانەی لە پێشمانن دوو مۆدێل سیاسەت پیشان دەدەن. مۆدێلێک سیاسەتی چەسپیو و پڕ لە پڕنسیپ، مۆدێلێک لە سیاسەتی جیاوازی جوڵەدار.

ئەوەی گرنگە ئەم دوو مۆدێلە بە زمانێک ڕووبەڕووی یەکتری نەبنەوە ئیتر ڕێزی تێدانەمێنێت، چونکە ڕێزداری بنەمای خانەدانی کوردە و شکاندنی ئەو بنەمایە، کەسی شکێنەر خۆی پێ لاواز دەکات. 
مادام کۆی ھێزەکانیش لەسەر بنەمای بڕوابوون بە دیموکراسیەت و ڕکابەری سیمای خۆیان پیشان دەدەن. پێویستە لە جوڵە سیاسییەکانیشدا بەھەمان ئایدیاوە تەماشای بەرامبەرەکانیان بکەن.

ھەرچۆنێک بێت دابەزاندی پولی یەکەم بەدەست ھێزەکەوە سەرنجڕاکێش بوو، بزانین پولی دووھەم چ بەردێک دەخاتە ناو گۆمەکەوە. ھەڵسەنگاندن بۆ جوڵەی داھاتوو پێویستی بە بیرکردنەوەی گەنجانەیە بۆ تێگەیشتن، بۆ ئەوەی ئەم پرسیارە دروست نەبێت: ئەوەچی بوو بۆ وایانکرد؟