X
مەلا مەزھەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

رێک لەدوای وتارەکەی مەسعود بارزانی!

لوقمان غەفوور

خۆی ڕاستی ئەوەیە، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ، ئەو پۆستە گرنگ و پڕبایەخە نییە، کە کورد لە بەغدا، لەھەوڵی بەدەستھێنانیدا ، خۆی تووشی ئەو تەفرەقە و ناکۆکییە سیاسییە کرد! بەڵام دەرکردنی ئەو پۆستە لە ژێر چاوی  و چنگی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ لایەنەکانی تری کوردستان تەنیا شکاندنی  پۆرتی پارتییە لە بەغدا، من زۆر دەمێکە وتوومە پێویستە پارتی ھەقیقەتێک ھەیە لەبەرچاوی بگرێت ئەویش ئەوەیە، پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان، سیاسییانە و برایانە، رێکخاتەوە.

بەڕاستی پارتی ئەبێت ، یەکەم شت پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان باش بکات، پارتی ناتوانێت ھیچ ھەنگاوێکی سیاسی لە کوردستان و لە بەغدا بنێت بەبێ دانوستان و پێکەوەیی لەگەڵ یەکێتی و ھەر دژایەتییەکیش بکات، لە ئێستا و ئایندە شکست دەھێنێت! ئەم قسەیە رێک پێچەوانەکەشی راستە بۆ یەکێتی! یەکێتیش ناتوانێت ھیچ ھەنگاوێکی سیاسی بنێت بەبێ پارتی.

پارتی پێویستە دیقەت بدات، ھەر لەدوای ئەو لێدوانەی مەسعود بارزانی ، کە وتی: «پۆستی سەرۆک کۆمار مەرج نییە بۆ یەکێتی و پارتی بێت» ، رێک یەکێتی ئەوەی جێبەجێکرد بەسەر جێگری دووەمی سەرۆکی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و بە پارتی وت: « جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش نابێت تەنیا بۆ یەکێتی و پارتی بێت».

بەداخەوە، دەیان جار بەداخەوە، پارتی تووشی غرور بووە، بەتایبەتی  لەدوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و مەسەلەی ریکلامکردن بە یەک ملیۆن دەنگ، بەتایبەتی تریش  کاتێک دەزانێت کەرووی دەنگی دەنگدەرەوە یەکێتی ناگات بە ئاستی پارتی، بەڵام ئەبێت پارتی دڵنیابێت لە رووی پێگەی سیاسی لە عیراق و ناوچەکە، ئێستا یەکێتی  ھاوشانی پارتییە!

با  پارتی خۆی ھەڵگرێت بۆ جەولەی دووەمی ئەو ناکۆکییە کە سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی دەبێت!