بەشێک لەوانەی کە لەناو دەزگای ئەمنی بەھۆی نووسین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداری ناڕەزایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ کاتژمێرێک یان زیاتر دەستبەسەر کراون، دەگێڕنەوە کە لێکۆڵەری بێ ئەزموون و نەشارەزا لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، خەیاڵی تەنھا لای مۆبایلی دەستگیرکراوانە، سەرەتای قسەکانی بریتییە لە: ئادەی مۆبایلەکەتم بدەرێ، ئەوە ئەگەر لەکاتی دەستگیرکردنەکە ئاسایش بە شەق زەوتی نەکردبێت.
وای لێھاتووە ئاسانترین و خێراترین ڕێگاکانی کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر کەسێک کە بۆ ئاوی خواردنەوە، بۆ شەقامێکی تەخت، یان بۆ موچەیەکی دزراو، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، یان بۆ دەرفەتی کاری یەکسان، یان کەرامەتی شکێنراوی، شەقامەکە بەڕووی ھاتوچۆ دادەخات، کە دەبرێنە دەزگای ئەمنی، خەیاڵی بەشێک لە لێکۆڵەری تەمبەڵ لای مۆبایلی ئەو بەدبەختانەیە، تا لە رێی پشکنینیەوە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەییمان بزانێت!
پاساوی ئەم رەفتارەیان کۆکردنەوەی زانیاری نییە لەسەر چیرۆکی ناتەواوی ئاسایشی نەتەوەیی، کە ھەر بنکەیەکی ئاسایشی ئەم وڵاتە جۆرێک گێڕانەوەو خوێندنەوەی بۆ دەکات و ھەر بنکەیەکی ئاسایش جۆرێک حیکایەتخوانی تیایە، بەڵکو بۆ زانینی وشەی نھێنی (پاسۆرد)ی مۆبایلی دەستبەسەرکراوانە کە بە بێ ئەوە گێڕانەوەکەیان ناتەواوە.
دەستبەسەرکراون ئەندامی تۆڕی مافیای دەرمانی بەسەرچوو، یان مافیای ماددەی ھۆشبەر یان بازرگانی کردن بەمرۆڤەوە نەبوون، چالاکوانان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی ھەرێمی کوردستانن، رۆژنامەنووسان و رەخنەگرانن، کە دەستگیردەکرێن لە دامەزراوەی ئەمنییدا، مۆبایلەکانیان زەوتدەکرێت و پاسوۆردیان لێ وەردەگیرێت، ئیتر دەبێتە ئاھەنگێکی بە کۆمەڵ بۆ شکاندنی مافی پاراستنی نھێنی.
تا بەیانی ھاوار بکە، "جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، گەرەنتی پاراستنی تایبەتمەندی دەکات و مۆبایلەکانیشمان بەشێکە لە ژیانی تایبەتی"، ئەو مۆبایلەکەت لێوەردەگرێت لە پشتی مۆبایلەکە ناوی سیانی و پاسوۆردەکە دەنوسێت، بێ ئەوەی فەرمانی نووسراوی دادوەرت پیشان بدرێت. کام وێنەیە کام ڤیدۆیە لە مۆبایلکەی دەرھاتووە نازانرێت، بەڵام ھەندێکیان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا لە دژییان بەکارھاتووەتەوە.
ئینجا ئەندامانی پارتی و یەکێتی ئەوانەی وەک خەمخۆری کوردایەتی و مافی مرۆڤ خۆیان نمایش دەکەن، ھەر دامەزراوەی بیرکردنەوەو مەعریفەتیان، تا مەکتەبەکانی میدیا و رێکخراوی جەماوەری و دیموکراتییەکانیان، بۆ رازی و ناڕازییان: ئەرێ جیاوازی ئەم رەفتارە و سانسۆری عەریفێکی دایرەی ئەمنی بەعس چییە؟
تەنھا زەمان گۆڕاوە لە سانسۆری تەلەفونی ئەرزی، بۆ تەلەفونی دەستی، ئەو بە نھێنی سانسۆری لەسەر تەلەفونی ماڵان دادەنا، ئێستا بە ئاشکرا ئەم مۆبایل دەپشکنێت.
پشکنینی مۆبایلەکان، کە فەرمانی دادوەری ھەبێت زۆر دەگمەنە، ئەوەی بەربڵاوە، لە دەستی دادوەرەوە کەوتووەتە دەستی ئەوانی تر. کاتی ئەوە ھاتووە وەک خەمێکی گشتی و شکاندنی ماف و تایبەتمەندی ھاووڵاتی کوردستان تەماشای بکەین و ئەم فەرھەنگە بگۆڕین.
رەنگە ئەمجارەیان ئاسایشێک بە تۆ بڵێت: ئادەی خێرا مۆبایل و پاسوۆردەکەت.