X
مەزڵوم عەبدی: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا تورکیا

وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل: گه‌مارۆمان خستوه‌ته‌سه‌ر غه‌ززه‌، نه‌ نان نه‌ ئاو نه‌ كاره‌با نه‌ غاز، هه‌موو شتێك قوفڵه‌

ڕاپۆرت

2023-10-09     282ژمارەی خوێندراو

كۆمسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا سه‌رجه‌م هاوكارییه‌كانیان بۆ فه‌له‌ستین بەشێوەیەکی کاتی راگرت، و سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ئه‌نجامدا و نیگه‌رانیی قوڵی بۆ دیل و به‌بارمته‌گیراوه‌كان ده‌ربڕی

كۆشكی ئه‌لیزێ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری فه‌ره‌نسا ده‌كات له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ ئیمانوێ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ئه‌نجامداوه‌و نیگه‌رانیی قوڵی خۆی بۆ دیله‌كان و به‌ بارمته‌ گیراوه‌كان و برینداره‌كان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ بونه‌ته‌ قوربانیی هێرشه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، كۆشكی ئه‌لیزێ وتویه‌تی: بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی ئیسلامی دژی ئیسرائیله‌ و پاریس پشتیوانیی ته‌واوی خۆی بۆ ته‌لئه‌بیب ده‌ربڕیووه‌ و مافی به‌ ئیسرائیل داوه‌ كه‌ به‌رگری له‌خۆی و ئاسایی وڵاته‌كه‌ی بكات.

كۆشكی ئه‌لیزێ له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا سه‌ره‌خۆشیی له‌ كه‌سوكاری قوربانییه‌كانی هێرشه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس كردوه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌داوه‌ ئایا هاوڵاتیی فه‌ره‌نسی له‌ناو دیله‌كانی ده‌ستی حه‌ماسدا هه‌ن یان نا، له‌ به‌رامبه‌ریشدا لایه‌نه‌ دیپلۆماسییه‌كانی فه‌ره‌نسا ئاماژه‌یان به‌ كوژرانی دوو هاوڵاتیی فه‌ره‌نسی كردوه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ په‌رله‌مانتار موئیر حه‌بیب بووه‌، كه‌ نوێنه‌ری فه‌ره‌نسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌تی له‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئیسرائیل و ئه‌مرۆ وتویه‌تی كه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 8 هاوڵاتیی فه‌ره‌نسی یان كوژراون یان بێسه‌روشوێن بوون كه‌ سه‌رجه‌میان نیشته‌جێی ئیسرائیلن، ده‌شڵێت گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵی شاری بۆردۆ-ی فه‌ره‌نسا له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه‌ به‌دیل گیراوه‌.

له‌ شه‌ممه‌ی رابردوه‌وه‌، ماكرۆن په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی چڕتركردوه‌ته‌وه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ش دوای قسه‌كردنی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی میسر و ئیمارات و لوبنان، له‌گه‌ڵ شای ئوردنیش قسه‌ی كردوه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دووسه‌رچاوه‌ی ئه‌منیی میسر كه‌ نه‌یانویستوه‌ ناویان بهێنرێت، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئاشكرایانكرد كه‌ به‌رپرسانی قاهیره‌ هه‌وڵی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ده‌ده‌ن و په‌یوه‌ندییان به‌ ئیسرائیل و بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه‌ كردوه‌ و مه‌به‌ستیانه‌ زامنی پاراستنی گیانی دیله‌كان و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بكه‌ن.

به‌رپرسانی میسر داوایان له‌ ئیسرائیل كردوه‌ دان به‌خۆیدا بگرێت و هانی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسیشیان داوه‌ گیانی دیله‌كان بپارێزێت به‌و هیوایه‌ی به‌منزیكانه‌ دۆخه‌كه‌ هێور ببێته‌وه‌، چاودێران ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌شی سه‌خت كردوه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ی مۆڵگه‌ی حه‌ماس، له‌ژێر بۆردومانی سه‌ختی ئیسرائیلدایه‌.


حازم قاسم، وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌سه‌ر داوكارییه‌كان بۆ گۆڕینه‌وه‌ی دیل و پرسی به‌ بارمته‌گیراوه‌كان وتی: دۆخی مه‌یدانی و شه‌ڕ و پێكدادان رێگه‌ به‌وه‌ نادات گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بكه‌ین.

ناوبراو به‌ كه‌ناڵی عه‌ره‌بیه‌ی وتوه‌: بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی تردا هه‌ماهه‌نگیی كردوه‌و دیله‌كانیان به‌سه‌ر هه‌موو میحوه‌ره‌كانی جه‌نگدا دابه‌شكردوه‌، وتیشی، ئیسرائیل به‌رپرسه‌ له‌ كوژرانی دیله‌كانی، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كوژرانی 4 له‌ دیله‌كان كه‌ كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆ له‌ بنده‌ستی حه‌ماسدا كوژران.


كۆمسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند كه‌ سه‌رجه‌م هاوكارییه‌كانیان بۆ بواری په‌ره‌پێدان بۆ فه‌له‌ستین بەشێوەیەکی کاتی راگرتوه‌ كه‌ به‌هاكه‌ی ده‌گاته‌ زیاترله‌ 788 ملیۆن دۆلار.

ئۆلیڤه‌ر فارهیلی، كۆمسیاری یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ كاروباری په‌ره‌پێدان و فراوانكرن له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس راگرتنی ئه‌و هاوكارییانه‌ی راگه‌یاند و وتی: "قه‌باره‌ی تیرۆر و دڕه‌نده‌یی دژی ئیسرائیل و گه‌له‌كه‌ی خاڵێكی وه‌رچه‌رخانه‌ و ناكرێك وه‌ك پێشوو كار بكه‌ین و هاوكاری بنێرین".


هه‌ر له‌سه‌ر دۆخه‌كه‌ی شه‌ڕ و پێشهاته‌ نوێیه‌كان، یواف گالانت، وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وتی: فه‌رمانم كردوه‌ گه‌مارۆیه‌كی ته‌واوی سه‌خت به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حه‌ماسدا بسه‌پێندرێت.

گالانت ده‌ڵێت: گه‌مارۆی سه‌رتاسه‌ریمان خستوه‌ته‌سه‌ر غه‌ززه‌، نه‌ نان نه‌ ئاو نه‌ كاره‌با نه‌ غاز، هه‌موو شتێك قوفڵه‌"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئیسرائیل ماوه‌ی 15 ساڵه‌ نیمچه‌ گه‌مارۆی له‌سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ داناوه‌ كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی دوو ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌سه‌.