X
مەلا مەزھەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

پیاوی چیرۆکە تاڵەکانی ئێران دەرکەوتەوە

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

2026-01-16     2078ژمارەی خوێندراو

بەم دوایانە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، غوڵام حسێن موحسینی ئێژەیی دەرکەوت، کە ڕاستەوخۆ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکات، ئەمەش ترس و نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەکارھێنانی "دانپێدانانی زۆرەملێ" لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە زیاتر کردووە.

لەو چوارچێوەیە، تەلەفزیۆنی فەرمی دیمەنانێکی پەخش کرد، کە تێیدا غوڵام حسێن موحسینی ئێژەیی دەردەکەوێت - کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە دەزگای دادوەریدا ھەیە و لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە - و لێپرسینەوە لە ژمارەیەک کەس دەکات، کە دەسەڵاتداران بە "ئاژاوەگێڕ" تۆمەتباریان دەکەن.

تەلەفزیۆن دیمەنانێکی پەخش کرد، کە ئێژەیی - وەزیری پێشووی ئیتڵاعات و داواکاری گشتی پێشووی تاران - نیشان دەدات، تێیدا لێپرسینەوە لە دوو ژنی دەستبەسەرکراو دەکات، کە دەموچاویان شاردراوەتەوە و لە کاتی لێپرسینەوەکەدا بە گریانەوە قسە دەکەن.

پێشتریش، ئێژەیی ٥ کاتژمێری لە یەکێک لە زیندانەکانی تاران بەسەربرد بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی زیندانییەکان، کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستبەسەر کرابوون، وەک ئەوەی تەلەفزیۆنی فەرمی باسی کردووە و دیمەنی لێپرسینەوەی لەگەڵ ھەندێک لە دەستبەسەرکراوان نیشان داوە.

بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەلەفزیۆنی فەرمی دەیان لەم "دانپێدانانانەی" پەخش کردووە بۆ ئەو کەسانەی بە ھێرشکردنە سەر ھێزە ئەمنییەکان و کاری توندوتیژی دیکە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا تۆمەتبار کراون.

ڕێکخراوی "مافی مرۆڤ لە ئێران" ڕایگەیاند: "میدیاکانی حکومەت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دوای سەرھەڵدانی ناڕەزایەتییەکان دەستیان کرد بە پەخشکردنی دانپێدانانی زۆرەملێی خۆپیشاندەران".

ھەروەھا رایانگەیاند، "پەخشکردنی دانپێدانانێک کە لەژێر فشار و ئەشکەنجەدا وەرگیراوە پێش دەستپێکردنی ڕێکارە یاساییەکان، بە پێشێلکردنی مافی تۆمەتباران لە بنەمای بێتاوانیدا دادەنرێت"، واتە تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەو کاتەی تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.

لە نموونەیەکی دیکەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "ھرانا"، کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، ئاماژەی بەوە کرد، دوو کچی مێردمنداڵ، کە لە شاری ئەسفەھان لە ناوەڕاستی وڵات دەستگیرکرابوون، لە "دانپێدانانی زۆرەملێ"دا دەرکەوتن و وتیان، کە پارەیان لە کەسێک وەرگرتووە بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان.

لە نوێترین دیمەنەکاندا، ئێژەیی دەرکەوت، کە لە ژوورێکدا دانیشتووە و بەرپرسانی دیکە دەوریان داوە و لە پشتەوە وێنەی خامنەیی ھەیە، لە کاتێکدا دەستبەسەرکراوەکە لەسەر کورسییەک لە بەرامبەری دانیشتووە.

دیمەنی دانپێدانانە تۆمارکراوەکان بەردەوامە بە نیشاندانی ژنێک، کە تۆمەتبارە بە ناردنی پەیام بۆ بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، و دەڵێت "کارێکم کردووە، کە ناتوانم لە خۆمی خۆش بم".

ئێژەیی بە دەنگێکی نزم و لەکاتێکدا دەستەکانی بەیەکەوە ناوە لێی دەپرسێت "بۆچی... و لەپێناو کێ؟".

ھەروەھا دانپێدانانەکان ژنێکی دیکە نیشان دەدەن، کە تۆمەتبارە بە فڕێدانی پارچە کۆنکرێت بۆ سەر ھێزە ئەمنییەکان لە تاران لە باڵکۆنی ماڵەکەیەوە.

لە وەڵامی پرسیارە بەردەوامەکانی ئێژەیی سەبارەت بەو "ڕۆژەی"، کە کردەوەکەی تێدا ئەنجامداوە و "چۆن زانیویە، کە ئەوان ئەفسەرن؟"، ژنەکە دەڵێت "نازانم چی ڕوویدا، بۆچی ئەم گەمژەییەم کرد".

غوڵام حسێن موحسینی ئێژەیی کێیە؟

لە ساڵی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی "یەکگرتووان دژی ئێرانی ئەتۆمی"، کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، وەسفی ئێژەیی کرد - کە بەڵێنی "دادگاییکردنی خێرا"ی بۆ دەستبەسەرکراوان داوە - بەوەی "جێبەجێکارێکی دڵڕەقی حوکمەکانی ئێرانە و گوێ بە مافی مرۆڤ نادات".

ھەروەھا گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان تۆمەتباری دەکەن بە تێوەگلان لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لە ساڵی ١٩٨٨.

ڕێکخراوی "پەیامنێرانی بێ سنوور"ی ناحکومی کە گرنگی بە ئازادی میدیا دەدات، ڕایگەیاند، ئێژەیی "دەستەکانی بە خوێنی ڕۆژنامەنووسان سوور بووە"، و ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە کاتی دیبەیتێکدا قەپی لە شان (کتف)ی ڕۆژنامەنووسێک گرتووە.