ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی کانوونی دوومی 2026، عەلی نزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، "پرۆسەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "هەموو لایەنەکان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە، بەپێی ئەو بارودۆخە کارپێکردنەی کە بۆ کێڵگە نەوتییەکان و پرۆسە لۆجستییەکان دیاریکراوە".
عەلی نزار شەتەری وتویەتی، "ئەو بڕە نەوتەی کە لە سەرەتای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەوە لە 27ی ئەیلولی 2025 تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2025 وەرگیراوە و هەناردەکراوە، گەیشتووەتە نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل و تێکڕای مانگانەی نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیلە".
ئەوەشی وتووە، "سروشتی پیشەسازی نەوتی جیهانی گۆڕانکاری لە ڕێژەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا دروستدەکات، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە تەکنیکی و کارپێکردنەکانەوەیە".
روونیشیکردەوە، "بڕی ئەو نەوتەی مانگانە لە هەرێمەوە وەردەگیرێت و رێژەکەی لە کۆی گشتی هەناردەکردنی عێراقدا، بە رێژەیەکی سادە دەگۆڕێت و لە سنووری قبووڵکراودایە بەپێی پێوەر و رێکارە جیهانییەکانی پیشەسازی نەوت و ئەو رێکارانەی لەسەر ئاستی جیهانی جێبەجێدەکرێن".
|