هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) هۆشداریی لە بەرپابوونی شەڕێكی گەورە دەدات و ڕایدەگەیێنێت، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ناوچەكانی دێر حافر، مەسكەنە و بەنداوی تشرین ڕووبەڕووی پەرەسەندنێكی سەربازیی مەترسیدار و هێرشی سیستەماتیك بوونەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە ڕاگەیێنراوێكدا ئاشكرای كرد، ئەم پەرەسەندنە بە بەشداریی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا ئەنجام دەدرێت و ئامانجی تێكدانی سەقامگیری و پەكخستنی ژیانی مەدەنییەكانە.
ئاماژەبەوەشكراوە، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا زیاتر لە 12 هێرشیان بە درۆنی بۆمبڕێژكراو و تۆپهاوێژ كردووەتە سەر بەنداوی تشرین و گوندەكانی دەوروبەری، تا ئێستاش بۆردومانەكان بەردەوامن.
هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ڕووی مەیدانییەوە، شەڕڤانان هەوڵێكی دزەكردنی لایەنی هێرشبەریان لە میحوەری گوندی "زوبەیدە" تێكشكاندووە و ناچاریان كردوون ڕابكەن، هاوكات، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا چوار جار شاری مەسكەنەیان بۆردوومان كردووە و خاڵێكی سەربازیشیان لە گوندی "ئەلبوعاسی" لە گوندەواری تەبقا پێكاوە.
|