وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هەواڵی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و سلێمانی ڕەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە گەشتەکان بەردەوامن.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند کە هەواڵەکانی ڕاگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دوورن لە ڕاستییەوە و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ هەموو شوێنەکان بەردەوامن، تەنانەت ئەو فڕۆکانەش کە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕ دەبن هیچ وەستانێکیان بەسەردا نەهاتووە.
سەبارەت بە فڕۆکەخانەی سلێمانیش، وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەدا کە ڕاگرتنی کاتیی لە گەشتەکانی نێوان سلێمانی و ئێراندا هەبووە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە، بەڵام دوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە گەشتەکان بە شێوەیەکی ئاسایی دەستیان پێکردووەتەوە.
|