دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا لە نیوەشەودا هێرشی لە ناکاوی کردە سەر ڤەنزوێلاو سەرۆکی وڵاتەکەی دەستگیرکرد، سەربازانی وڵاتەکە ئاشکرایان کردوە کە شەوی هێرشەکە سوپای ئەمریکا چەکی وای بەکارهێناوە نە پێشتر بینیویانە و نە توانیوایە رووبەڕووی ببنەوە
سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە سەکۆی " ئێکس" گێڕانەوەی پاسەوانێکی ڤەنزوێلی ئاشکرا دەکات کە شەوی هێرشەکە بەرکەوتووە و وتووە، سوپای ئەمریکا چەکێکی بەکارھێناوە کە بە "چەکێکی تەمومژاوی" ناوی بردووە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەکەی دژی ڤەنزوێلا.
پاسەوانەکە لە درێژەی گێڕانەوەی هێرشەکەیەئەو شەوەدا ئاماژەی بەوەداوە، "ھێزەکانی ئەمریکا سەدان سەربازی ڤەنزوێلایان لەناوبرد بەبێ ئەوەی یەک سەرباز لەدەست بدەن، بە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیایەک کە "پێشتر نەیبینیوە و نەیبیستووە" .
باسی لەوەشکردوە، لە ئامادەباشییەکی بەرزدا بووین، بەڵام لەناکاو ھەموو سیستەمی رادارەکانمان بەبێ ھیچ روونکردنەوەیەک لەکارکەوت، ئەوەی دواتر بینیمان ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوو کە بەشێکی زۆریان بەسەر پێگەکانماندا دەفڕین، بەڵام نەماندەزانی چۆن وەڵام بدەینەوە، دوای چەند ساتێک، نزیکەی ھەشت کۆپتەر دەرکەوتن، بەپێی خەمڵاندنەکەی، تەنھا نزیکەی ٢٠ سەربازی ئەمریکییان دابەزاند.
لە ڕووی تەکنەلۆجیاوە زۆر پێشکەوتوو بوون، ھێرشەکە لە ھیچ شتێک نەدەچوو کە پێشتر شەڕمان کردبێت، ئەوەی روویدا شەڕ نەبوو بەڵکو کۆمەڵکوژی بوو، سەدان کەس بووین، بەڵام ھیچ دەرفەتێکمان نەبووە.
پاشان باسی ئەو ساتەی دەکات کە ئەو چەکە نھێنیەی تیادا بەکارھێنرا: لە پڕ شتێکیان تەقاند؛ نازانم چۆن وەسفی بکەم، وەک شەپۆلێکی دەنگی زۆر توند بوو، لەناکاو، ھەستم کرد وەک ئەوەی سەرم لە ناوەوە دەتەقێتەوە.
ھەموومان تووشی خوێنبەربوون بووین لە لوتمانەوە، ھەندێکمان خوێنمان دەھێنایەوە، کەوتینە سەر زەوی، نەمانتوانی بجوڵێین.
کۆشکی سپی لەبارەی قسەی ئەم پاسەوانە ڤەنزوێلییە وەڵامی ھیچ داوایەکی رۆژنامەوانانی نەدایەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەوەی کە ئایا ھاوبەشکردنی پۆستەکە لەلایەن وتەبێژەکەیەوە بەو مانایەیە کە ئیدارەی ئەمریکا گێڕانەوەی ئەو قسانە پشتڕات دەکاتەوە.
|