ئاسایشی ناوخۆی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، خۆڕادەستكردنی ئەندامانی ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت، گروپەكانی سوریا دەیان گەنجی مەدەنییان لە کاتی چونە دەرەوە لە گەڕەکی شێخ مەقسود ڕفاندوە و بە مەبەستی چەواشەکاری، ئەو گەنجە مەدەنییانەی لە میدیاکانەوە وەک شەڕڤانی ئەوان ناساندوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی تاوانەکانی جینۆسایدی سیستماتیک کە گروپ و میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق ئەنجامیدەدەن، ئەم میلیشیایانە هەڵسان بە ڕفاندنی دەیان گەنجی مەدەنی دوای ئەوەی بە زۆرەملێ لە خێزانەکانیان جیایان کردنەوە لە کاتی چونەدەریان لە گەڕەکی شێخ مەقسود، پاشان لە ڕێگەی میدیاکانەوە وەک نمایش پیشانیاندان و بە درۆ وەک شەڕڤانی ناو ڕیزەکانی هێزەکانمان ناساندنیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم ڕەفتارە تاوانکارییە ئاشکرایە، تەنها دەربڕینێکە بۆ ڕێبازێکی سیستماتیک لە شێواندنی ڕاستییەکان، ڕفاندنی مەدەنییەکان، و بەکارهێنانیان وەک ئامرازی پڕووپاگەندە بۆ داپۆشینی تاوانەکانی کۆچپێکردنی زۆرەملێ، بۆردومان و ترساندن؛ ئەمەش دوبارەکردنەوەی دەقاوەدەقی هەمان ئەو تاوانانەیە کە ئەم گروپانە لە ناوچەکانی کەناراو ساحل و سوەیدا ئەنجامیان دابوو.
دەشڵێت، "ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ڕفێندراوەکان بە تەواوی کەسی مەدەنین، و حکومەتی دیمەشق و گروپەکانی بە بەرپرسیاری تەواوی ژیان و سەلامەتییان دەزانین. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی هەڵبگرێت، و لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ لەم پێشێلکارییانە دەستپێبکات، بە ئاشکرا سەرکۆنەیان بکات و ئەنجامدەرانی وەک تاوانباری جەنگ سزا بدات".
|