دژی ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێرشی گروپەچەکدارەکانی حکومەتی سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو گرژی و توندوتیژیانەی شاری حەلەبی سوریای دراوسێی دەکەین:.
د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق لە بەیان نامەیەکدا رایگەیاند: داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە بۆ کێشەکان بکەن و خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن و کار بۆ وەستاندنی ئەو پێکدادانانە بکەن کە لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێکدا نییە .
جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە: پشتیوانی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ چارەسەری ئاشتیانە کە بنەماکانی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکتر پتەوتر بکات و جەخت لەوە دەکەینەوە کە ھەموو پێکھاتەکانی گەلی سوریا تەواوکەری یەکترن و دەبێت ئاشتی و دیالۆگ تاکە بژاردە بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەم دۆخە قەیرانەدا کە تێیدا ھاوڵاتی مەدەنی و ژن و منداڵ دەبنە قوربانی.
سەرۆککۆماری عێراق دەشڵێت: ئێمە پشتگیری ھەموو ئەو ھەوڵانە دەکەین کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەدەستھێنانی ئاشتی و سەقامگیریی ھەمیشەییە لە ناوچەکە.
|