ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی ھاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە لەبارەی هێرشی گروپە چەکدارەکان و حکومەتی سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب ڕایگەیاند: ئەوانەی ھێرش دەکەنە سەر کوردانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە سەر بە تورکیان و چەکداری ئەوانن، ئەوان تەنانەت قسە لە حکومەتی سوریاش وەرناگرن و لە ئەنقەرەوە ئاڕاستە دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشدا: کورد و ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ١٠ ساڵە ھاوپەیمانی ئەمەریکان و پێکەوە شەڕی تیرۆریان کردوە، ئەوان فەرمان لە ھیچ کەسێک وەرناگرن لە ناوەوە و دەرەوەی سوریا، ئەوانەشی دەڵێن کورد فەرمان لە قەندیل وەردەگرێت و دەیەوێت یەکپارچەیی سوریا تێکبدات، تەنھا بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە وادەڵێن و تەواوی ئەو قسانە بێبنەمان.
ساڵح موسلیم رایگەیاند: لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتەوە ھەر جارێک کورد و دیمەشق ویستویانە ڕێکبکەون تورکیا کێشەی دروستکردوە و ھەموو شتێکی تێکداوە، ئەوان نایانەوێت سوریا سەقامگیر بێت و ئاشتیی لە وڵاتەکە بەرقەرار بێت.
|