X
مەلا مەزھەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

چیرۆکی ئەو سیخوڕەی شوێنی مانەوەی سەرۆکی ڤەنزوێلای ئاشکراکرد

ڕاپۆرت

2026-01-04     243ژمارەی خوێندراو

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئەمریکی زانیاری ورد و نهێنی لەسەر شێوازی مادۆرۆ ئاشکرا دەکات کە پشتی بەسەرچاوە ئاگادارەکان بەستوە، دەرکەوتوە سیخوڕێکی ناو حکومەتی ڤەنزوێلا کە بۆ ئاژانسی ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کاریکردوە، ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبوە لەچاودێریکردنی وردی شوێنی مانەوەی سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ لەو ڕۆژو ساتانەی پێش دەستگیرکردنی لەلایەن ھێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە.

ئەو سیخوڕە گومان دەکرێت کەسی نزیکی مادۆرۆبێت یان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کاری کردبێت، زانیاریی وردی لەسەر جوڵەکانی مادۆرۆ داوە بەئەمریکییەکان، ئەمەش ھاوکات بوە لەگەڵ بەکارھێنانی ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوی جۆری "شەبەح" بۆ چاودێریکردنی بەردەوامی خاکی ڤەنزوێلاو سودوەرگرتن لەزانیارییەکانی چەندین سیخوڕی دیکەی ناوخۆیی.

بەەپێی ئەو زانیارییانەی دراوە بە رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەو پاداشتە ٥٠ ملیۆن دۆلارییەی حکومەتی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی مادۆرۆ تەرخانیکردبوو، کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوە.

ئەو ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوەھات، جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، بەڵێنیدابوو سیاسەتێکی "ھێرشبەرانەتر" پەیڕەو بکات، ھەروەھا دۆناڵد ترەمپ لەپاییزی ڕابردودا ڕەزامەندیی لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندو پلاندانان بۆ زنجیرە ئۆپەراسیۆنێک لەناو ڤەنزوێلا دابوو.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسەکە لەکۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ڕابردودا بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ھێرشبەر، ھێرشیکردەسەر بەندەرێکی تایبەت بەقاچاخی مادە ھۆشبەرەکان، ئەوەش بەسەرەتایەک دادەنرێت بۆ ئۆپەراسیۆنە گەورەکە.

سەرچاوەکان جەختدەکەنەوە، دەستگیرکردنی مادۆرۆ ئەنجامی ھەماھەنگییەکی قووڵ‌و چەندین مانگ پلاندانانی وردی نێوان CIAو سوپای ئەمریکا بوە، بەجۆرێک کە دەزگا ھەواڵگرییەکان توانای ئەوەیان ھەبوە شوێنی وردی مادۆرۆ لەھەر ساتێکدا دەستنیشانبکەن.

سەرەڕای ڕۆڵی سەرەکیی CIA لەزانیاریی‌و پلانداناندا، بەڵام جێبەجێکردنی کردەیی ئۆپەراسیۆنەکە لەئەستۆی ھێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا بوە، ھاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"یش ئاشکرایکردوە، تیمێکی تایبەتی ئاژانسەکە لەمانگی ئابەوە لەناو خاکی ڤەنزوێلا جێگیربون بۆ ئاسانکاریی پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە