X
مەلا مەزھەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

راوێژکاری سودانی: رووداوەکانی ڤەنزوێلا نرخی نەوت بۆ ٧٠ دۆلار بەرزدەکاتەوە

جیهان

2026-01-03     231ژمارەی خوێندراو

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا رایگەیاند، " رووداوەکانی ڤەنزوێلا نرخی نەوت بۆ ٧٠ دۆلار بەرزدەکاتەوە"


موزھیر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵیت: سەرباری ئەوەی بەرھەمھێنانی ئێستای سنوردارە دەگاتە (٧٠٠ بۆ ٨٠٠ ھەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ڤەنزوێلا چیتر یاریزانێکی پەراوێزی بازاڕی وزە نییە.

ئاماژەی بەوەشداوە: زۆرینەی بەرھەمی ڤەنزوێلا نەوتی قورسە کە زۆرێک لە پاڵاوگەکانی جیھان پشتی پێدەبەستن، ئەمە وادەکات ھەر جۆرە دواکەوتنێک لە ھەناردەکردن، ھۆکارێکی راستەوخۆ بێت بۆ دروستبوونی کێشە لە جیھاندا. 

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردوە: رەنگە کاریگەری چەندایەتی ڤەنزوێلا سنوردار بێت بەراورد بە بەرھەمھێنانی جیھانی کە دەگاتە ١٠٢ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، بەڵام ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی پشتڕاستکراوەیە لە جیھاندا، گرنگییەکی رەمزی باڵای ھەیە لە ھاوسەنگی بازاڕی وزە لە باشوری خۆرئاوای گۆی زەوی.

دەشڵێت: ھەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا- ڤەنزوێلا مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکانی بەرزبوونەوەی دەستبەجێی نرخەکان لە کورتخایەندا زیاتر دەکات، چونکە بازاڕ رووداوەکە وەکو ئاماژەیەکی مەترسیداری بەکارھێنانی نەوت وەکو چەکی سیاسی و سەربازی دەخوێنێتەوە، ئەمەش ھەڕەشەیە بۆسەر ھەناردەی نەوت لە ئەمریکای باشور. 

موزهیر محەمەد لە درێکەی قسەکانیدا هێما بۆ ئەوەشدەکات: خنکانی پاڵاوگەکان لە ئەنجامی راوەستانی دابینکردنی نەوتی قورس؛ لێکەوتی پێچەوانەی دەبێت بە ئاڕاستەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو، بەتایبەتیش لەبەر رۆشنایی ئاڵۆزییەکان لە پشتێنەی وزەی جیھانیدا، لەپێش ھەمووشیانەوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لاوازی و پاشەکشێی ئەمبارکردن. 

لە کۆتایدا دەڵێت: یەکگرتنی ئەم ئەم ھۆکارانە رەنگە ببێتە ھۆی کاریگەری ئاڵۆزی نرخەکان، نرخی نەوت بۆ سنوری ٧٠ دۆلار یان زیاتر بۆ ھەر بەرمیلێک بەرزبکاتەوە، ئەگەر ئاڵۆزی سەربازی لە سێ ناوچە سەرەکییەکەی وزە لەسەر ئاستی جیھان (ئۆراسیا، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای باشور) بەردەوام بێت کە ئەمەش بە "مەترسی سیستەماتیک" لە بازاڕی نەوت دەناسرێت.

زۆرترین خوێنراو