عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، دیمەنی سیاسی بەرەو گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا دەڕوات، بە لەبەرچاوگرتنی رەتکردنەوەی روونی سوننەو کورد بۆ نوێکردنەوەی خولی دووەمی سەرۆكایەتی بۆ محمەد شیاع سودانی، بڕیاری کۆتایش لە دەستی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە.
جەزائیری باسی لەوەشکردووە، ئاماژە سیاسییەکانی ئێستا دەڵێن، هیچ قبوڵکردنێک نییە بۆ نوێکردنەوەی خولی سودانی، سوننە و کوردیش بە ئاشکرا بیرۆکەی خولی دووەم رەتدەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر رێگایەک بەرەو سەرۆکایەتی حكومەت بەبێ رەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی سەرناگرێت، قسەکردن لەسەر هەنگاوەکانی دەرەوەی چوارچێوە، یان گرەوكردن لەسەر لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ کۆشکی سپی، سوودی نەماوە لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئێستا.
جەختیشكردووە لەوەی، چوارچێوەی هەماهەنگی بژاردەی خۆی سەبارەت بە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو یەكلاكردووەتەوەو کاندیدی جێگرەوە ئامادەیە و هەڵبژێردراوە، چاوەڕێی ساتەوەختی سیاسی گونجاو دەكەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێكى هەمەلایەنە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەدا رایبگەیەنێت.
|