ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق نزیک دەبێتەوە و رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشکرای کردووە بازنەی ناکۆکییەکانی نێوان کورد لەسەر میکانیزمی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بەرفراوانتر بووە
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە ناکۆکییەکان زیاتر لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە لەسەر ئەو میکانیزمەی کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق پێشنیازی کردووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە: ھەوڵەکانی نێوەندگیری لە ئارادایە لە نێوان ھەردوو لایەن بۆ چارسەرکردنی ناکۆکییەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگیان بە قازانجی کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دا بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا دەربارەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق داوای کردبوو پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان نوێنەرێکی کورد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە کاندید بکات و ھەموو لایەنە کوردییەکان لەسەر یەک کاندید رێکبکەون و فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامانی پەرلەمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە ھەڵبژێرن.
مەسعود بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو پۆستە پشکی کوردە، بەبێ ئەوەی کاندیدەکە بە ھیچ لایەنێکی دیاریکراوەوە ببەسترێتەوە و گرنگترین شت بەدەستھێنانی کۆدەنگی کوردە و سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات لە بەغداد.
|