راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە لە چەند رۆژی داهاتوودا هێزەكانی هاوپەیمانان بەفەرمی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار رادەستی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەنەوە.
حوسێن عەلاوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان كە لە ئەیلوول ساڵی 2024 واژۆی لەسەر كرابوو، لە سەرەتای ساڵی 2026 هێزەكانی هاوپەیمانان بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد چۆل دەكەن و رادەستی هێزە ئەمنییەكانی عێراقی دەكەنەوە.
دەشڵێت، لەمەودوا ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان دەگۆڕدرێت بۆ پەیوەندیی دوولایەنە و رێككەوتنی هاوبەش لەبواری ئەمنیدا بە تایبەت پێشكەشكردنی زانیاری و پێدانی مەشق و راهێنان لە چوارچێوەی رێككەوتنی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
|