X
مەلا مەزھەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرایەوە

عێراق

2025-12-31     219ژمارەی خوێندراو

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رەسمی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار راگەیاند و ئەو مەرجانەشی دیاریکرد کە دەبێت لە کەسی کاندیددا ھەبن.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی نوێنەران کە پشتی بەستووە بە مادەکانی (٢ و ٣) لە یاسای ژمارە (٨)ـی ساڵی ٢٠١٢ (یاسای حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار)، ئەو کەسانەی ئارەزوی خۆپاڵاوتنیان ھەیە و مەرجەکانیان تێدایە، دەتوانن سەردانی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بکەن.

وادەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان لە سەعات ٩ـی بەیانی بۆ ٣ـی پاشنیوەڕۆ دیاریکراوە لەم رۆژانەدا:

ئەمڕۆ چوارشەممە (٣١-١٢-٢٠٢٥).رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی ھەفتەی داھاتوو (٤ و ٥ـی ١ـی ٢٠٢٦).

مەرجەکانی خۆ کاندیدکردن بۆ سەرۆک کۆمار:

بەپێی یاسا، کاندید دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت:

بە ڕەچەڵەک عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.

تەمەنی ٤٠ ساڵی تەواو کردبێت و خاوەنی توانای یاسایی تەواو بێت.

خاوەنی ناوبانگێکی باش و ئەزمونی سیاسی بێت و بە دەستپاکی و دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسرابێت.

لانی کەم بڕوانامەی زانکۆی ھەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت.

بە ھیچ تاوانێکی ئابڕوبەر (مخلە بالشرف) حوکم نەدرابێت.

رێوشوێنەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرێتەوە.

خوازیاران دەبێت داواکاری نوسراو بە ھاوپێچی بەڵگەنامە رەسمییەکان و ژیاننامەی خۆیان (C.V) پێشکەش بکەن و پسوڵەی وەرگرتنی داواکارییەکە وەربگرن.

زۆرترین خوێنراو