سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، " پێویستە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان ھەبێت کە ئەم پۆستە پشکی کوردە و بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات"
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، پێویستە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان ھەبێت کە ئەم پۆستە پشکی کوردە و بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، دەبێ میکانیزمی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵکی تایبەتی خۆی نەزانێت.
سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەشداوە: میکانیزمەکەش بەمشێوەیە بێت کە: یان لە پارلەمانی کوردستان کەسێک وەک نوێنەری کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار دیاری بکرێت، یان تێکڕای لایەنە کوردستانیەکان کۆ ببنەوە بۆ ئەو پۆستە لەسەر کەسێک ڕێک بکەون، یانیش نوێنەران و فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بکەن.
مەسعود بارزانی دەشڵێت: مەرجیش نیە ئەو کەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت پارتی بێت یان یەکێتی بێت، دەکرێ لە لایەنێکی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
|