X
ئەو سکاڵایەیی دژی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تۆمارکرابوو رەتکرایەوە

بەهۆی بڕیارێکی عێراقەوە دەروازەی پەروێزخان، خەریکە دوو هەزار شۆفێر بێکار دەبن

کوردستان

2025-09-17     166ژمارەی خوێندراو

بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی عێراقەوە بۆ دەروازەی پەروێزخان، خەریکە دوو هەزار شۆفێر بێکار دەبن.

بەبڕیارێکی دەستەی دەروازە سنوریەکانی عێراق، ڕێگە بە هیچ بارهەڵگرێکی هاتوو لە دەروازەی پەروێزخانەوە نادرێت لە بازگەی باوەمەحمود لەنێوان کەلار و خانەقین و بازگەکانی تری نێوان گەرمیان و دیالەوە تێپەڕ ببن و بچنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارەکەی بەغدا جوڵەی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان کەمکردوەتەوە بەڕادەیەک کاریگەری لەسەر هەزاران خێزانی گەرمیان داناوە و نزیکەی دوو هەزار شۆفێر کێشەیان بۆ دروستبووە و خەریکە بەتەواوی بێکار دەبن.

هەر بەهۆی بڕیارەکەوە سەرجەم کۆگاکانی پیشەسازی کەلار چۆڵکراون و ناتوانرێت کەلوپەلیان تێدا هەڵبگیرێت، چونکە ڕێگا نادرێت بۆ شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بگوازرێنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی عێراق دەیەوێت بارهەڵگرەکان دەروازەی مونزریە لەخانەقین بەکاربهێنن کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە لە بری دەروازەی پەروێزخان و تەنها لە ڕێگای نێوان کەرکوک چەمجەماڵ و لەبازگەی چیمەن ڕێگا دەدات بارهەڵگرەکانی پەروێزخان بەرەوە شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بێن و لەو حاڵەتەدا نزیکەی 350 کیلۆمەتر بۆ ڕێگای بارهەڵکرەکان زیاد دەبێت و ناتوانن بەو شێوەیە بارەکانیان بگوازنەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی پەرلەمانتارانی یەکێتی لەبەغدا و بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان و مانگرتن و خۆپیشاندانی شۆفێرانی دەروازەکە، بەڵام تا ئێستا بەغدا ڕازی نیە گەمارۆی سەر دەروازەکە لا بدات و بەهۆی بڕیارەکەشەوە جوڵەی بازرگانی دەروازەکە بۆ نیوە کەمتر دابەزیوە و کاریگەری گەورەی لە جوڵەی بازرگانی لە ئیدارەی گەرمیان کردووە