بەھاوکاری دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دوو بازرگانی گەوەری ماددەی ھۆشبەر لەسعودیە دەستگیرکران، ھاوکات وتەبێژی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو ئۆپراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئێمە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەھۆشبەرەکان".
عەباس بەھادلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەپەیامێکی ڤیدیۆیدا ئاماژەی بەوەدا: بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و دوای ھاوکاری و ھەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە ھۆشبەرەکان لەپارێزگای سلێمانی، توانراوە دوو بازرگانی گەورەی نێودەوڵەتی ماددەی ھۆشبەر لە شاری مەدینەی سعودیە دەستگیر بکرێن، عەباس بەھادلی راشیگەیاندووە دوای ھەماھەنگییەکی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەری سعودیە، توانراوە دەست بەسەر ١٤٢ کیلۆگرام مادەی کریستاڵی شل لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکاندا بگیرێت.
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەو ئۆپراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئێمە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەھۆشبەرەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو دوو کەسە خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینن، پێکەوە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و نزیکەی شەش ساڵە خەریکی بازرگانی مادەی ھۆشبەرن لە نێوان عێراق، سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی کەنداو کە لە رێگەی پاسەکانی تایبەت بە حەج و عومرەوە ماددەکانیان گواستووەتەوە بۆ سعودیە.
عەقید سەلام عەبدولخالق وتیشی: ئەو بڕە کریستاڵە شلەی دەستی بەسەردا گیراوە لە نێو یەکێک لە پاسەکاندا بووە و بایی ملیۆنێک و ٢٧٠ھەزار دۆلارە. وتەبێژی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی وت: لە وڵاتی سعودیەوە داوایان کرد نوێنەرێک لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە ھۆشبەرەکانی سەر بە دەزگاکەمان بچێتە ئەو وڵاتە، بۆ ھاوکاریکردنیان لە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و دۆسیەکانی دیکەی پەیوەست بەو بازرگانییانە.
|