ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە، پەرلەمانتارانی شیعەی تورەکردوە و بەشێکیان هەڕەشە لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەکەن
ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە لە عێراق ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە دەڵێن: نابێت بێ رادەستکردنی نەوت، هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، ئەگەرنا لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارانەی ئاماژەیان بەوەشکردوە: دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیی سێ ساڵە، چەند مادەیەک هەبوون کە پەیوەندییان بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، بەڵام پابەند نەبووە و تەنیا نزیکەی ٣٩٩ ملیاری لە داهاتی نانەوتی رادەست کردووە، کە خۆی زیاتر بووە لە چوار تریلیۆن، لەگەڵ رادەستکردنی ٩٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ ٦ مانگ، کە دواتر ئەویش راگیرا.
دەشڵێن: سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی هەوڵی داوە چارەسەری کێشەکان بکات، لەوانەش لە رێگەی تەرخانکردنی سێ قەرزی ساڵی رابردوو بە بڕی زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار، کە ئەوە بە کارێکی نایاسایی ناودەبەن.
|