سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران لە تارانی پایتەخت کۆبوونەوە و چەند پرسێکی گرنگی نێوانیان تاوتوێکران
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لە تاران، مەسعود پزیشکیان سەرککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشدا: "بیروڕامان لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گۆڕییەوە بەتایبەت ھاوکارییە دوولایەنەکان لە ھەموو بوارەکاندا، ھەردوو وڵات روانگەی ھاوبەشمان لەسەر رووداوەکانی سووریا ھەبوو، ھێمنی و ئارامی و پاراستنی یەکپارچەیی سووریا و پێویستیی دەرچوونی رژێمی زایۆنی لە ناوچەکە، بابەتی کۆبوونەوەکەمان بوو".
ھاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفراسە رۆژنامەوانیەکەدا وتی: "سەقامگیریی سووریا، کلیلی سەقامگیریی ناوچەکەیە و داوا دەکەین سنوورێک دابنرێت بۆ دەستوەردانی دەرەکی کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی سووریا دەگەیێنێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پزیشکیان باسی لەوەکرد: "گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت لەگەڵ عێراق، لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت، عێراق ھاوبەشێکی ستراتیجییە بۆ ئێران".
سودانیش لە دێژەی قسەکانیدا ھێمای بۆ ئەوەکرد کە، "عێراق دووپاتی دەکاتەوە سوورە لەسەر بنیاتنانی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی".
|