کورد لەدوای ئەسەد... گەڕان بەدوای ھەل و رەوینەوەی مەترسییەکان
کاردۆ عوسمان ھەورامی...
رژێمەکەی ئەسەد دوای ٥٣ ساڵ لە فەرمانڕەوایەتی کۆتایی پێھات وپەیکەریان کەوتە ژێر پێی خەڵکی ستەملێکراوی سوریا، لەم نێوەندەدا سوریا بە ئەرزی واقیع دابەشی سێ لایەن بووە، کورد، ئۆپۆزسیۆنی بەناو سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن، دەستەی تەحریری شام کە بەرەی نوسرەی کۆنن و سەر بەقاعیدەن، کە ئەوان بە کردەر رژێیان رووخاند،ئەوان ئێستا تارادەیەک گۆڕان لە گوتار و بۆچوونەکانیاندا ھەیە و ھەر زوو لەسەر زاری محەمەد جۆلانی رابەریانەوە بە جیھانیان گوت کە ئەوان بەرەی نوسرەی کۆنن نین،بەڵام ئەوەی وەک کورد لای ئێمە جێگای بایەخە داھاتووی رۆژاڤای کوردستانە.
دەبێت ئێمە دان بەو راستییەدا بنێین کە شەڕی کۆنترۆڵکردنی دیمەشق چاوەڕوان نەکراو بوو، پەیوەندیشی زیاتر بە ھاوکێشە نێودەوڵەتیی و رووداوەکانی جەنگی غەزە و لوبنان و ئۆکراینەوە ھەبوو، چونکە ئەم رووداوانە وایکرد ئەسەد بروخێت، ئەگەر نا ئەسەد گەڕابووە وە نێو گۆِروپانی سیاسی و ھەمووان پەیوەندییان لەگەڵ ئاسایی دەکردەوە، بۆیە لێکدانەوەمان بۆ رۆژاڤا دەبێت لەسەر بنەمای ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بێت،ئەگەر نا دەکەوینە ھەڵەوە.
کورد ئێستا لەسەدە٤٠ی خاکی سوریای بەدەستەوەیە، بەڵکو دوای ئازادکردنی قامیشلۆ و بەشەکانی دیکە زیادی کردووە،بەڵام ئەمە رووبەرێکی ئاسایی نیە،بەڵکو دڵی سوریایە، چونکە لەسەدە ٩٠ی نەوت و غازی سوریا لەژێر دەستی کوردایە، لەرووی کشتوکاڵییەوە بەپیتە و لە جیۆپۆلۆتیکدا ھاوسنوورە لەگەڵ تورکیا کە بە دڵی جیھان ناسراوە، دیمەشق و تاران بو رێرەوی کوردا تێدەپەڕن،ئێستا کورد ئەبولکەمالی بەدەستەوەیە کە دەروازەی ھاریکاری گروپە چەکدارەکان بوو،ئەم شوێنە ستراتیژە بۆ کورد چەندە ھەلە ئەوەندەش مەترسییە،بەتایبەت لایەنی تورکی کێشەی گەورەی لەسەری ھەیە،بۆیە ئەگەر کورد بتوانێت لە ھاوکێشەی داھاتووی سوریادا بەرگری لەم خاکەی خۆی بکات،ئەوا براوەی سەرەکی دەبێت، چەند ئاماژەیەکیش بۆ خۆشحاڵی کورد ھەیە،لەوانە:
یەکەم: لە بنەمادا نەیارەکانی کورد کە روسیا و تورکیا و ئێران و گروپە شیعەکانی وەک حزبوڵا و بەرەی مقاوەمەن ئێستا لاوازن، ھەر لاوازی ئەوانیش بوو ئەسەد رووخاند.
دووەم: کورد کەوتۆتە نێو نەخشەی داودی ئیسرائیل، کە لە ٢٠١٦وە بە ئاشکرا ئیسرائیل کاری بۆ دەکات و دەیەوێت مەترسییەکان لەخۆی دووربخاتەوە و وڵاتە دژەکانیشی لاواز و دابەش بکات، لەبەرامبەریشدا کەمەنەتەوەییەکانی وەک کورد و ئەزەر بھێنرێنە پێشەوە، ئەم نەخشەیە لە رووباری نیلەوە بۆ فوراتی عێراق درێژ دەبێتەوە، لەسەر ئاڵای ئیسرائیل ھەردوو روبارەکە ھەیە و ھەمووی خاکی ئیسرائیلە،کە لێرەدا خاک بە واتای ھاوپەیمان دێت نەک خاکی راستەقینە.
سێیەم: کورد لە رۆژاڤا زۆر لۆژیکانە مامەڵە دەکات و خاوەن ھێزێکی تۆکمەیە و لە ناوخۆی سوریا و بۆ جیھان خۆی سەلماندووە، مەزڵوم عەبدیش زۆر وورد و سیاسییە و دەتوانێت لەم ھاوکێشەیەدا جێگای خۆی بکاتەوە.
چوارەم: گروپە چەکدارەکانی سوریا( تەحریری شام و فەسائیلەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن) لەسەر ئاستی جیھان متمانەیان نیە و یاخود لاوازن، کە زەحمەت دەبێت وڵاتان لەسەروی ھەموویانەوە،ئەمریکا و ئیسرائیل فەرەنسا، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی پشتگیریان بکەن،بەڵام کورد ھێزێکی تاقی کراوەیە و جێگای متمانەیە،کوردیش بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت، بۆیە تاکە رێگای ئەوانە بۆ گەیشتن بە سوریایەک کە ھاوپەیمانی بێمەترسی داھاتوویان بێت.
بەڵام ئەوەی جێگای مەترسییە گروپەکانی سەر بە تورکیان کە ئێستا ئۆپراسیۆنی بەناو (بەرەبەیانی ئازاد)یان دژی کورد راگەیاندووە،لەوەش مەترسیدارتر پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیایە، کە تا دواین خاڵ دژی ویستەکانی کورد دەوەستێتەوە،بۆیە بۆ کورد ئێستا لە سوریا ھەلێک رەخساوە،بەڵام بەگوڵ دەورە نەدراوە، مەترسی جدیش ھەیە، جا ئەم ھەل و مەترسیە پەیوەستە بە ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، کە لە داھاتوویەکی نزیکدا دەیبنین کە سوریا دەکەنە دەوڵەتێکی فیدراڵی یان بەھەمووان دووبارە مەرکەز بنیاتدەنێنەوە کە ئەگەرێکی دوورە سوریا بێگۆرانکاری لە نەخشەی ئیداری و سیاسی بنیاتبنرێتەوە.
|