گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ھێرشیان کردە سەر ناوچەی مەنبج کە لەلایەن ھەسەدەوە کۆنترۆڵ کراون و لە ئێستادا پێکدادانی توند لە سەرجەم بەرەکانی جەنگ ڕوودەدات .
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی منبج لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا، بەکرێگیراوانی تورکیا بە پاڵپشتی ئاسمانیی دەیان ھێرشیان کردە سەر ناوچەی مەنبەج، کە ھەموو ئەو ھێرشانە لەلایەن ھێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج پووچەڵکرانەوە.
باسی لەوەشکردوە: بەکرێگیراوان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا خێرایی ھێرشەکانیان لە سەرجەم میحوەرەکانی مەنبەج زیادکرد، لە ئێستادا پێکدادانی توند لە سەرجەم بەرەکانی جەنگ ڕوودەدات لەنێوان شەڕڤانان و بەکرێگیراوەکانی تورکیادا.
دەشڵێت: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە پاڵپشتی ئاسمانیی تورکیا و زرێپۆشەکانی کە بۆ بەکرێگیراوەکانی دابینکردووە، کۆمەڵێک بەکرێگیراو بە زرێپۆشەوە لە دەروازەی باشووری شارەکە پێشڕەوییان کرد و لەوێ کەوتنە بۆسەی ھێزەکانمانەوە و تێکشکێنران.
ئەنجومەنی سەربازی منبج ئەوەشی رونکردوەتەوە کە، بە ئامانجی دروستکردنی فشاری دەروونی لەسەر خەڵک، ھەندێک لە شانە بەکرێگیراوەکان لە ناو شارەکەدا جوڵەیان کرد بۆ ھاندانی ترس و بڵاوکردنەوەی ئاژاوە، لە ئێستادا پێکدادان لە دەروازەی شارەکەدا بەردەوانە.
لە کۆتایدا ئەنجومەنەکە ھاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە، ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج کە ھەزاران قوربانی داوە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە ھەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، متمانەی تەواویان بە توانای شەڕڤانەکانی ھەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکە شانبەشانی خەڵکی مەنبەج دژی داعش و ڕێکخراوە بەکرێگیراوەکان.
|