چەند ئەفسەرێکی باڵای سوپای سووریا رایانگەیاند، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، بە فڕۆکە دیمەشقی پایتەختی سووریای جێھێشتووە و بەرەو شوێنێکی نادیار رۆیشتووە، ئەمەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریر شام (ھەتەشە) لە کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شاری دیمەشق.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، ٠٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤) دەستەی تەحریری شام و ھێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایانگەیاند: "گەلی ئازادی سووریا رژێمی بەشارئەسەدیان رووخاند." ھاوکات، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ژمارەیەک ئەفسەری باڵای سوپای سووریا پێیانڕاگەیاندووە ئەسەد بە فڕۆکە دیمەشقی جێھێشتووە، ھیچ ھێزێکی سوپاش لە دیمەشقی پایتەختدا بڵاوەیپێنەکراوە.
بەگوێرەی ھەمان سەرچاوە؛ چەکدارانی دەستەی تەحریر شام نزیکبوونەتەوە لە ناوەندی دیمەشق، ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی چەکدارانیش لە شاری دیمەشق، خەڵکی شارەکە رژانە سەر شەقامەکانی و دەستیان بە ئاھەنگگێڕان و گوتنەوەی درووشمی "ئازادی، ئازادی" کردووە.
ھەتەشە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەی سێدنایای راگەیاند، کە یەکێکە لە گەورەترین گرتووخانەکانی سووریا و کەوتووەتە دەروازەی دیمەشق، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەکەش، سەرجەم زیندانییەکانیان ئازاد کرد و رایگەیاند "ئێمەش لەگەڵ گەلی سووریا ئاھەنگ دەگێڕین."
چەکدارانی تەحریر شام ھەروەھا کۆنترۆڵکردنی باڵەخانەی راگەیاندنی فەرمی حکومەتی سووریایان راگەیاند، رۆیتەرز دەڵێ پاش کەمێکی دیکە ھەر لە کەناڵی فەرمیی سووریاوە یەکەم پەیام بۆ گەلی سووریا بڵاودەکەنەوە.
ئەم رووداوانە لەدوای چەند کاژێرێک دێن لە راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری حومس لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە.
لەدوای گەیشتنی چەکدارانی تەحریر شام بۆ نێو شاری دیمەشق، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرجەم چەکدارانی کرد، باڵەخانە حکومی و دامودەزگە گشتییەکان بپارێزن، داواشی لە سوپای سووریا کرد بەھیچ شێوەیەک لەنزیک باڵەخانە حکومییەکان نەمێنن.
جۆلانی ئاماژەی بەوەش کرد؛ تاوەکو قۆناخی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، محەممەد غازی جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سووریا، ھەر لەسەر کارەکەی دەمێنێتەوە و کارەکان رایی دەکات
|