محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریکرد لە کردنەوەی (٧٩٠) خوێندنگەی نمونەیی لە پارێزگاکان.
پرۆژەی دروستکردنی ئەم خوێندنگانە لەچوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان (عێراق) و (چین)دایە کە ناوی لێنراوە رێککەوتنی "چوارچێوەیی چین" یاخود رێککەوتنی "نەوت بەرامبەر بنیادنان" دروستکردنی (١٠٠٠) خوێندنگە لەخۆدەگرێت.
سودانی پیرۆزبایی تەواوکردنی خوێندنگەکانی کرد، وتی: دروستکردنی ھەزار خوێندنگە لە پرۆژە گرنگەکانە کە حکومەتەکانی عێراق کاریان لەسەرکردووەو بە دیزانینی نمونەیی ھاوچەرخ دروستکراون، ئەمە رۆڵی دەبێت لە چارەسەری کێشەی قەرەباڵغی و سێ دەوامیی لە خوێندنگەکان.
لەکۆی (١٠٠٠) خوێندنگە (٧٩٠) خوێندنگە تەواو بووەو سەرۆک وەزیرانی عێراق ئومێدەوارە لە ماوەی دوو مانگی ئایندەدا (٢١٠) خوێندنگەی تر تەواو بکرێن.
"ئەم حکومەتە کاتێک پرۆژەی ھەزار خوێندنگەکەی وەرگرت، ئاستی جێبەجێکردنی پرۆژەکە نزیکەی ١٨% بوو، بۆیە خستمانە ئەولەویەتی کاری کەرتی پەروەردەو فێرکردنەوەو گەرەنتی ئەوەکرا بەشێوەیەکی دروست دابەشبوونی جوگرافی لەم پرۆژەیەدا بکرێت" سودانی وا دەڵێ.
ھەر بەگوێرەی قسەی سودانی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نزیکبووەتەوە لە ئیمزاکردنی گرێبەستێک لەچوارچێوەی سندوقی گەشەپێداندا بۆ دروستکردنی (٤٠٠) خوێندنگە لە بەغدادو پارێزگاکانی تر، ئەم پرۆژەیە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت و لەماوەی گرێبەستەکەدا دەبێت کەرتی تایبەت نۆژەنیان بکاتەوە، وەکو ئەو دەڵێ کێشەی کەمی خوێندنگە لە عێراق چارەسەردەکرێت کە زیاتر لە (٨ ھەزار) خوێندنگەیە.
رێککەوتنی عێراق- چین بۆ یەکەمجار لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر (حەیدەر عەبادی) راگەیەندرا، کاتێک عادل عەبدولمەھدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت، لە ئەیلولی ٢٠١٩دا سەردانی (پەکین)ی کرد رێککەوتنەکە فراوان کرا بۆ ئەوەی بوارەکانی (وزە+ ئاوەدانکردنەوەو پرۆژەی پردو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و پرۆژەی تر) لەخۆبگرێت، بەڵام یەکەمین ھەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە دروستکردنی ١٠٠٠ خوێندنگە لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەستیپێکرد.
پێشترو ئێستاش چەندین لێکدانەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم رێککەوتنە دەکرێت، ھەندێک دەڵێن بەم رێککەوتنە عێراق نەوتی خۆی وەکو بارمتە خستوەتە دەستی چینەوەو ئەمە سەرەتای تەواوکردنی پرۆژەی (رێگای ئاوریشم)ە کە چین کاری لەسەر دەکات، ھەندێکی تر گومانیان ھەیە رێککەوتنەکە تاکۆتایی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
|