لەبارەی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار کارەبای سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات
کەناڵێکی ئاسمانی بەشێوەیەکی چەواشەکارانە و بەرنامە بۆداڕێژراو لە پێناو لێدان لە شاری سلێمانی و دوور لە ھەموو ئیتیکێکی رۆژنامەوانی، باس لە کەیسی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناردەکات لە رێگەی وەسڵی بەتاڵەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی.
زانیارییەکانی ئەو کەناڵە پڕە لە ھەڵە و ناوزڕاندن و تەشھیر بە فەرمانبەران و بەڕێوەبەرایەتیمان، بەوپێیەی راستەوخۆ ناوی فەرمانبەرەکان و پێگە و پلەکانیان دەھێنرێت، لێرەدا رایدەگەیەنین کە بابەتەکە ھیچ پەیوەندی بە داھاتی کارەباوە نیە و ھیچ بڕەپارەیەک لە داھاتی کارەبا نەدزراوە، تەنھا کەیسێک لە بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان ھەیە و بە بڕیاری دادوەر چەند فەرمانبەرێک بانگکراون بۆ لێکۆڵینەوە و یەک فەرمانبەر راگیراوە و لیژنەیەکی لیکۆڵینەوەش پێکھێنراوە و وردبینی لە دۆسێکاندا دەکەن و تائیستا لێکۆڵینەوە و رێکارە یاساییەکان بەردەوامەو، چاوپۆشیش لە ھیچ فەرمانبەرێک ناکرێت لەکەیسەکە تێوەگلابێت.
لە ئێستادا ئەم کەیسە ئاڕاستەی دادگای لێکۆڵینەوە کراوە و دادگا ئەو بابەتە یەکلادەکاتەوە، کە کێ تاوانبارە و کێش بێ تاوانە و بنەمایەکی یاساییش ھەیە دەڵێت " المتھم بریء حتی تپبت إدانتە" بۆیە بۆ ھیچ کەس و لایەنێکی راگەیاندن نیە لە بری دادگا بڕیار بدات.
بەتۆمەتبارکردنی بەڕێوەبەرایەتیەک و فەرمانبەرەکانی، سەبارەت بەم بابەتە بە مافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەناڵە تۆماربکەین.
|