ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگهیاند، کێشەکانی لیستی موچە کە بریتی بوون لە پێنج خاڵ چارەسەر نەکراوە، پێویستە هەرێم لەوە زیاتر یاری بەقوتی خەڵک نەکات و مەترسی بۆ موچەی ئەم سێ مانگەی کۆتایی 2024 دروست نەکات و لەداهاتی نەوت و ناوخۆ زامنی ئەو موچانە بکات.
سۆران عومهر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم لیستی موچەی خانەنشینانی بەهاوتاکراوی ناردووە بۆ دارایی فیدراڵ کە لەدوو مانگی ڕابردودا پێش هەڵبژاردنەکان بەبێ ڕەزامەندی بەغدا موچەی شارستانی خانەنشینانی هاوتاکرد! ئێستە بۆ هەرمانگێک 56 ملیاری پێویستەو داوای لەبەغداکردوە، بەڵام بەغدا تاکو لیژنە هاوبەشەکەی پێکیهێناوە بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی و چۆنێتی چارەسەری نەبونی سندوقی خانەنشینی ناچێتە ژێر باری ئەو هاوتاکردنە کەهەرێم خۆی کردویەتی!
ئاماژەبەوەشدەکات، لەسەر چارەسەر نەکردنی کێشەی لیستەکانی موچە بۆ مانگی 10 دارایی عێراق بڕی 250 ملیار دینار دەبڕێت، وەک چۆن لەمانگی ڕابردوش 130 ملیار دیناری بڕی. جگە لەوە بەغدا دەڵێ لەبەشە بودجەی هەرێم کەکەیاسای بودجە بۆی تەرخانکراوە ٪12.67 هەرێم هیچ پارەیەکی تری نەماوە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش کە بەغدای پابەندکردووە بەپێدانی موچە بە توطين ئاماژەی بەوەکردووە لەبەشەبودجەی دیاریکراو بۆ هەرێم لەیاسای بودجە! هەرێم داوا دەکات بەشی موچەی مانگەکانی 10،11،12 گواستنەوەی بۆ بکرێت لە وەبەرهێنان بۆ موچە.
سۆران عومهر باس لەوەشدەکات، داهاتی نەوت نادیارە کەهەرێم خۆی فرۆشتویەتی، داهاتی ناوخۆش تاکو ئێستە هەرێم لە 10 مانگ تەنها 320 ملیار دیناری ناردوە بۆ بەغدا! عێراق دەڵێ هەرێم کەدەبوو هەموو ڕۆژێک 400 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە سۆمۆ، یەک لیتر نەوتی ڕادەست نەکردوە لەزیادکردنی داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2024 هەرێم 320 ملیار دیناری زیادکردوە! بەڵام بەغدا نزیکەی 7 ترلیۆن و 500 ملیاری بۆ موچە ناردووە.
دەشڵێت، کێشەکانی لیستی موچە کە بریتی بوون لە پێنج خاڵ چارەسەر نەکراوە؛
- دوو موچە لەنێوان وەزارەتەکانی هەرێم و لەنێوان هەرێم و بەغدا.
- نەبونی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەر، کەئەمەش گومانی زۆری خستۆتە سەر لیستی موچە.
- دوبارەی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەر، کەچەند فەرمانبەرێک یەک ژمارەی وەزیفی هەیە! هەرمانگێکیش ژمارەکەی جیاوازە!
- نەبونی بایۆمەتری، کەتاکو ئێستە زۆرن ئەوانە بایۆمەتریان نیەو تەعینی تازەن!
- ئەو فەرمانبەرو مامۆستایانەی خوێندنی کوردی و بەڕێوەبەرایەتیەکانی کەرکوک کەموچەیان لەهەرێمەو لەسەر فەرمانگە فیدراڵەکانن.عێراق دەڵێ ڕاژەکانیان دەگوازینەوە مادام موچەکانیان ئێستە لەسەر عێراقە، هەرێم دەڵێ ڕازی نابین! ئەڵێ ئیداریەن هەر لەهەرێمەبن مالیەن با لای ئێوەبن!
جەخت لەوەشدەکاتەوە، بۆیە پيویستە هەرێم لەوە زیاتر یاری بەقوتی خەڵک نەکات و مەترسی بۆ موچەی ئەم سێ مانگەی کۆتایی 2024 دروست نەکات و لەداهاتی نەوت و ناوخۆ زامنی ئەو موچانە بکات.
|