شارەزایەکی ئابووری ئاشکرای دەکات ساڵی رابردوو عێراق بە بەھای ١٧.٧ ملیۆن دۆلار ئیندۆمی ھاوردە کردووە کە بووەتە ھۆی سەرسوڕمانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا.
نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابووری ڕایگەیاندوە، بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گومرگ، عێراق لە ساڵی رابردوودا لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان جگە لە دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان، ٦٤ ھەزار و ١٨٥ تۆن ئیندۆمی بە بەھای ١٧.٧ ملیۆن دۆلار ھاوردەکردووە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی ١٨٪ زیادی کردووە.
وتیشی: پێدەچێت بەھای ھاوردەکردنی ئیندۆمی زۆر زیاتر بێت لەو ژمارەیە و رەنگە لە داھاتوودا ٥٠ ملیۆن دۆلار تێپەڕێنێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سەری لەو ژمارەیە سوڕماوە و پرسیاری ئەوەیان کردووە، کە ئایا عیراقییەکان بەو رادەیە حەزیان لە ئیندۆمییە؟ یاخود ئەمە ئامرازێکە بۆ بردنەدەرەوەی پارە بە قاچاخ.
|