X
مەزڵوم عەبدی: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا تورکیا

کۆنگرە لە كاتی خۆیدا پێش كۆتایی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت

عێراق

2024-11-03     127ژمارەی خوێندراو


راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان:
یەکەم/ سەبارەت بە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی کوردستان و شێوازی ئەنجامدانەکەی و دەرەنجامەکانی، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر لایەنەکانی دەسەڵات کە جارێکی تر وێڕای بە کارھێنانی سامانی گشتی و دەزگاکانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆیان، بەوەش نەوەستان پەنایان بردە بە چەندین شێوازی گوشارو ساختەکاری و کاری نایاسایی بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی دەنگ و ژمارەی کورسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و چەند لایەنی تری ئۆپۆزسیۆن، بەو ھۆیەوە راستەوخۆ ھەر لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لە لایەن کۆمسیۆنەوە، ئەوەبوو دەزگای ھەڵبژاردن و فرکسیۆنی یەکگرتوو لە بەغدا راسپێردران بۆ بەدواداچوونی ساختەکاریەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەو دیکۆمێنتی پێویست بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵاو تانەدان لە ئەنجامەکان.
ھەروەک کۆبوونەوەی سەرکردایەتی جەختی کردەوە لە سەر بڕیاری بەشداری نەکردنی یەکگرتوو لە کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێم و درێژەدان بە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان.
ھەر بەو بۆنەیەوە سەرکردایەتی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاڕاستەی رێکخستنەکان و سەرجەم کاندیدانی لیستی (١٤٨) و دەزگاکانی راگەیاندن و راگەیاندکاران و چالاکوانانی سۆشیال میدیاو تێکڕای کادرو ئەندامان و لایەنگرانی یەکگرتوو کردو ھەوڵ و شەونخونیان بۆ بە دەستھێنانی سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنەکەدا بەرز نرخاند، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ھەموو دۆستان و کەسایەتیە ئیسلامخوازەکانی کوردستان و پشتیوانیکردنیان بۆ لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
دووەم/ سەبارەت بە کۆنگرەی داھاتووی حیزب، کۆبونەوەی سەرکردایەتی بڕیاریدا کۆنگرە لە کاتی خۆیدا پێش کۆتایی ئەمساڵی/٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری پێویستی وەرگرت و چەند لیژنەیەکی راسپارد بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ گرێدانی کۆنگرەی نۆیەم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
سێیەم/ سەبارەت بە شەڕو ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەو ئەگەری فراوانبوونی، کۆبووونەوەی سەرکردایەتی جارێکی تر ھاوسۆزی و نیگەرانی خۆی دوپاتکردەوە بۆ خەڵکی بێ دیفاعی غەززەو لوبنان و ناڕەزایی خۆی رادەگەیەنێت لە ئاست ئەو بێ ھەڵوێستیەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەکان بە تایبەتی، کە بە داخەوە ھیچ کاردانەوەیەکی مرۆڤانەو موسلمانانەیان نیە بۆ رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدکردنی موسڵمانانی غەززەو کۆتایی ھێنان بەو جەنگە نابەرامبەرە.
لە لایەکی ترەوە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دەستخۆشی ئاڕاستەی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە بەغداو فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرد بۆ بەردەوام بوون لە دەنگدان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس بە مەبەستی گێڕانەوەی زەوی و موڵکی کوردو تورکمان و ھەندێ پێکھاتەی عەرەبی پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، ھەر لەو میانەدا پێشوازی کرد لە ھەوڵەکانی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیاو ئامادەیی یەکگرتوو بۆ ھەر ھاوکاریەک پێی بکرێت لەو بوارەدا.
لە کۆتایی دا ئەنجومەنی سەرکردایەتی جارێکی تر سوپاس و پێزانینی خۆی تەئکید کردەوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی حیزب و رێکخراوە خێرخوازی و بانگخوازی و پیشەیی و جەماوەریەکانی یەکگرتوو، داوایکرد بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی جوانترین نمونەی کارو چالاکی و خزمەتگوزاری بە خەڵکی کوردستان لە پێناو گەیشتن بە ڕەزامەندی پەروەردگارو سەرفرازی رۆژی قیامەت...
خوای گەورە پشتیوان و ڕێنیشاندەری ھەموان بێت
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان